نەتەوە یەکگرتووەکان: گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بەو بەرفراوانییە نین کە دەخوازرێت

ئیدلیب – نۆرس پرێس

دوێنێ شەممە، نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایانگەیاند کە گەیاندنی هاوکارییەکان لە ئێستادا ناتوانێت بەو بەرفراوانییە بن کە میکانیزمی یارمەتییە سنووربڕەکان دەیخوازێت، لە دەروازەی باب ئەلهەواوە لەسەر سنووری تورکیا.

ستیفان دوجاریك، وتەبێژی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان وتی: دۆخی مرۆیی لە باكووری خۆرئاوای سووریا بەرەو خراپتر دەڕوات بەهۆی بەردەوامی شەڕ و خراپتربوونی قەیرانی ئابووری.

دوجاریک لە میانی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا كە هەینی رابردوو لە بارەگای هەمیشەیی رێكخراوی نێودەوڵەتی لە نیویۆرك بەڕێوەچوو، وتی، “لەم ناوچەیەدا 4.1 ملیۆن كەس، کە  80%یان ژن و منداڵن، پشت بەو هاوكاریانە دەبەستن بۆ دابینكردنی پێداویستییە سەرەتاییەكانیان”

پێنجشەممەی ڕابردوو، کاروانێکی نوێی هاوکاری مرۆیی سەر بە بەرنامەی خۆراکی جیهانی نەتەوە یەکگرتووەکان چووە ئەو ناوچانەی کە لەلایەن “هەیئەی تەحریر شام”ەوە کۆنترۆڵکراون، لە ئیدلب لە باکووری ڕۆژئاوای سوریا، کە لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی حکومەتی سوریاوە هاتبوون، لە ڕۆژهەڵاتی ئیدلب.

لەو کاتەدا سەرچاوە تایبەتەکان بە نۆرس پرێسیان ڕاگەیاندبوو کە کاروانی یارمەتییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان شەشەمین کاروانە لە جۆری خۆی کە لە ناوچەکانی حکومەتەوە لە مانگی ئابی ساڵی ڕابردووەوە بێن بۆ ناوچەکە.

12ی مانگی رابردووش ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی رەزامەندی دەربڕی لەسەر درێژکردنەوەی میکانیزمی گەیاندنی یارمەتییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سووریا لە رێگەی دەروازەی سنووری باب ئەلهەواوە لە سنووری تورکیا بۆ ماوەی شەش مانگ.

بڕیاری درێژکردنەوەی میکانیزمەکە بە کۆی دەنگ پەسەند کرا و 12 وڵات دەنگیان لەسەر بڕیارەکە دا و ئەمریکا و بەریتانیا و فەرەنسا دەنگیان نەدا.

لە کۆتایی مانگی ڕابردوودا، یەکەم کاروانی هاوکاری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان کە لە چەند بارهەڵگرێک پێکهاتبوو، لە ڕێگەی دەروازەی سنووری باب ئەلهەوا لەگەڵ تورکیا، لە باکووری ئیدلب، هاتە ناوەوە، ئەویش دوای بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایش بۆ درێژکردنەوەی میکانیزمی ڕێگەپێدانی سنووربڕ.