زیاد لە 2 ملیۆن حاجی بەشداری رێورەسمی حەجیان کرد

هەولێر – نۆرس پرێس

لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە مەزنترین روکنی حەج دەستیپێکردووە بەپێ رۆیشتنی حاجیان لە میناوە بۆ سەر کێوی عەرەفە و وەستان لەسەر کێوەکە، ئەمەش لەکاتێدایە چاوەڕێدەکرێت ئەمساڵ 2 ملیۆن و 300 هەزار حاجی بەشداری رێوڕەسمەکانی حەج بکەن.

حاجییان لەسەرتاسەری جیهانەوە ئەمڕۆ لەسەر کێوی عەرەفە دەپاڕێنەوە و نزاکانی خۆیان لە یەک کاتدا دەگەیەنن بە خودا.

کێوی عەرەفە یەکێکە لە پێگە پیرۆزەکانی حەج و دەکەوێتە دەرەوەی مەککە و 22 کیلۆمەتر لێوەی دوورە و بەرزییەکەی 30 مەترە، دەکەوێتە نێوان شاری مەککە و شاری تائیف لە سعودیە، 10 کیلۆمەتریش لە میناوە دوورە کە شەوی رابردوو حاجیان تیایدا مانەوە.

ساڵی 2022، 55٪ حاجییان لە ئاسیاوە چووبوون بۆ حەج، ٪21 یان لە وڵاتانی عەرەبی، ٪13لە ئەفریقا،٪11 لە ئەمریکا، ئەوروپا و ئوستراڵیاوە چووبوون، ئەمساڵیش زیاتر لە نیوەی حاجییان لە ناوچەکانی باشوری خۆرهەڵاتی ئاسیاوە چوون بەرەو حەج.