تەحریر شام دوو سەرکردەی قاعیدە ڕادەستی تورکیا دەکات

ئیدلب – نۆرس پرێس

رۆژی سێشەممە، دەستەی تەحریر شام، دوو سەرکردە سەر بە رێکخراوی پێشووی قاعیدە لە رێگەی دەروازەی باب ئەلهەوا لە باکوری ئیدلیب، نزیکەی ساڵ و نیوێک دوای دەستگیرکردنیان ڕادەستی تورکیای کرد.

سەرچاوەیەکی ئەمنی لە دەروازەی باب ئەلهەوا بە پەیامنێری نۆرس پرێسی ڕاگەیاند، دوو سەرکردەی پێشووی ڕێکخراوی قاعیدە ڕادەست کراون، ئەو دوو سەرکردەیە لە زیندانی 107  شاری ئیدلیبەوە بەرەو دەروازەی باب ئەلهەوا  گواستراونەتەوە، بۆ ئەوەی ڕادەستی تورکیا بکرێنەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، یەکێکیان ڕەگەزنامەی میسری هەیە کە بەناوی موعتەسم محەمەدە، نازناوی ئەبو شەهید مسری لێنراوە، و ئەوی تریشیان ڕەگەزنامەی سعودی هەیە بەناوی هارون عەواد دۆسەری کە نازناوی ئەبو عائیشەی جەزراوی لێنراوە.

هەروەها پرۆسەی ڕادەستکردنیان لەسەر داوای لایەنی تورکی لەژێر چاودێری بەرپرسی دەزگای ئەمنی دەستەی تەحریر شام ئەنجامدراوە.

جێی ئاماژەیە ساڵانی رابردوو تا ئێستا دەستەی تەحریر شام دەیان سەرکردەی بیانی سەر بە ڕێکخراوی قاعیدە ڕادەستی هەواڵگری تورکیای کردووەتەوە، دوواهەمییان ئەبو عەوف شەریعی هاوڵاتی سعوودی بووە.

ئامادەکردنی: هانی سالم – داڕشتنەوە: سەعەد یازچی