بەرپرسێکی نێودەوڵەتی لەگەڵ ئەسەد پرسی گەراندنەوەی پەنابەرەکانیان تاوتوێ کرد
دیمەشق – نۆرس پرێس
مارتن گریفیتس، یاریدەدەری سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری مرۆیی لە دیمەشقی پایتەختی سوریا، پلانێکی نێودەوڵەتی بۆ بوژاندنەوەی ژێرخانەی سوریا پێشکەش بە بەشار ئەسەد، سەرۆکی سوریا کرد، هاوکات باسیان لە دۆسیەی گەرانەوەی پەنابەرانی سوریا کرد.
گریفیتس لە تویتێکدا لە تۆری کۆمەڵایەتی تویتەر رایگەیاندووە، رۆژی دووشەممە 26ی حوزەیرانی 2023، لە کۆبوونەوەکەدا لەگەڵ سەرۆکی سوریا، پرسی هاوکارییە مرۆییەکان لە سوریا و رێگاکانی بەشداریکردنی زۆرترین لایەن بە مەبەستی بۆژاندنەوەی ژێرخانی سوریا گفتوگۆیانکردەوە.
هاوکات سەرۆکایەتیی سوریا لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، گریفیتس پلانی کاری رێکخراوی نێودەوڵەتی بۆ قۆناغی داهاتوو بە مەبەستی پاڵپشتیکردنی پرۆژەکانی چاکبوونەوەی پێشوەختە لە سوریا و کۆکردنەوەی هەوڵەکان بۆ یارمەتیدانی دەستەبەرکردنی هەلومەرجی گەڕانەوەی پەنابەرەکان پێشکەشی ئەسەد کردەوە.
لە تویتێکی دواتردا، یاریدەدەری سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری مرۆیی، رایگەیاندووە، لەگەڵ وەزیری دەرەوەی فەیسەڵ میقداد کۆبووە، لە کۆبوونەوەکەدا، باسیان لە دۆخی مرۆیی کردووە کە رووبەرووی ملیۆنان کەس لە سەرانسەری سوریا بووەتەوە.
مارتن گریفیتس دەلێت: “دابینکردنی پشتیوانی بۆ پرۆژەکانی چاکبوونەوەی پێشوەختە لە سوریا، کارێکی زۆر گرنگە بە ئامانجی هاوکاریکردنی سوریەکان بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانیان.”
لای خۆیەوە سەرۆکایەتیی سوریا لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، کە سەرۆکی سوریا بەشار ئەسەد جەختی لەسەر پێویستی “بەسیاسی نەکردنی پرسی گەرانەوەی پەنابەرەکانی سوریا بۆ وڵاتەکەیان کردووە”.