باشترین خۆراك بۆ منداڵان لە ڕۆژانی جەژندا چین ؟

هەولێر-نۆرس پرێس

پزیشکێکی پسپۆری گەشە و خۆراکی منداڵان باس له‌ خۆراکی ته‌ندروست بۆ منداڵان لە ڕۆژانی جەژنی قوربانی پیرۆزدا ده‌كات.

د.تارا علی بابان، پزیشکی پسپۆری گەشە و خۆراکی منداڵان رایده‌گه‌ێنێت، له‌جه‌ژندا گرنگە منداڵ لە هەموو کاتێکدا خواردنی تەندروست بێت و شیرینی و شەربەت و خواردنە ناتەندروستەکان بەڕێژەیەکی زۆر کەم بخوات، بەڵام وەک دەزانین لەڕۆژانی جەژندا ڕێژەیەکی زۆر شیرینی و شەربەت بەکاردەهێنرێت، لەبەر ئەوە ناتوانین بڵێین با منداڵ بەهیچ شێوەیەک شیرینی نەخوات، بەڵام گرنگە ڕەچاوی ئەم خاڵانەی بکرێت.

منداڵەکە دەبێت نانی بەیانی بخوات، ئەگەر ئەوەش نەخوات کە بۆ جەژن ئامادەکراوە، هەوڵ بدە کوپێک شیر یان هێلکە یان لەفەیەکی پەنیری بدەیتێ، چونکە گونجاو نیە نانی بەیانی نەخورێت و یەکەم خۆراکی منداڵەکە شەربەت  و شیرینی بێت.

 ئاماژە بەوەشدەکات کە هەوڵ بە كاتژمێر و نیوێک پێش ژەمی نیوەڕۆ و ئێوارە نەیەڵیت منداڵەکە شیرینی و شەربەت بخوات، چونکە گەدەی منداڵ بچوکە و زوو تێر دەبێت ئەمە وای لێدەکات نانی ژەمەکەی بفەوتێت.

لە کۆتاییدا ئەو پزیشکە دەشڵێت، بەهیچ شێوەیەک ڕێگە نەدەن خواردنەوە گازیەکان و جبس بخورێت، چونکە هۆکاری  سەرەکی بەدخۆراکین لەمنداڵاندا.