ئاسایشی رۆژئاوایی کوردستان ئامارێکی سەبارەت بە ماددە هۆشبەر بڵاوکردەوە
رەقە – نۆرس پرێس
لە رۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکاندا، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا، راگەیەندراوێکیان بۆ رای گشتی سەبارەت بە بڵاوبوونەی ماددە هۆشبەرەکان لە سوریا بڵاوکردەوە.
ئاسایش لە راگەیەندراوەکەدا دەلێت، “ئەمرۆ لە رۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان کۆدەبینەوە، کە بووەتە کێشە و مەترسیەکی گەورە بۆ سەر پێگەی کۆمەڵایەتی و ئەخلاقی و ئابووریی تەواوی جیهان”.
لە راگەیەندراوەکەی ئاسایشدا هاتووە، “ئێمە لە ناوچەکانی باکوری رۆژهەڵاتی سوریاش بەدەست ئەم مەترسییەوە دەناڵێنین، بەتایبەتی کە دوژمنانی گەلەکەمان و کۆمەڵگاکەمان کاردەکەن بۆ تێپەراندنی ماددە هۆشبەرەکان بە شێوەیەکی بەرفراوان وەک جۆرێک لە شەری تایبەت بۆ بە ئامانجگرتنی هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا، بەئامانجی لاوازکردنی ناوچەکانمان و لێدانی ئاسایش و سەقامگیرمان”.
ئاماژەی بەوەشکرد کە هێزەکانیان هەوڵ و کارەکانیان چڕتر کردووەتەوە، بۆ لەناوبردنی تۆڕە تاوانکارییەکان کە کار بۆ بڵاوکردنەوەی ماددە هۆشبەرەکان دەکەن چ لە رێگەی بازرگانیکردن بێت یان لە رێگەی بەقاچاخبردن بێت”.
ئاسایش دەلێت، هێزەکانی کاریان کردووە بۆ بەرزکردنەوەی هۆشیاری هاوڵاتیان سەبارەت بە کاریگەرییەکانی ماددە هۆشبەرەکان، لەرێگەی سیمینار و کۆڕبەند و بڵاوکردنەوەی رێنماییەکان لە نێو دامودەزگاکاندا.
ئاسایش روونیکردەوە کە هێزەکانیان هەموو تواناکانی خۆیان بۆ سنووردارکردنی بڵاوبوونەوەی ماددەی هۆشبەر بەکارهێناوە و بە پاڵپشتی زۆرێک لە بەشە پەیوەندیدارەکانی نێو هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ توانیان ژمارەیەکی زۆر لەو کەسانە دەستگیر بکەن کە تێوەگلاون لە بازرگانیکردن ئەم ماددەیە .
ئاسایش ئاشکرایکرد کە دەستی بەسەر برێکی زۆر ماددەی هۆشبەردا گرتووە، بە جورێک بەرێوبەرایەتی گشتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان، لە ماوەی ساڵێکدا کاری لە سەر 522 دۆسەی کردوە، لە ئەنجامدا 6 گەورەبازرگانی ماددە هۆشبەرەکان، 1042 فرۆشیار و 2068 بەکارهێنەری ماددە هۆشبەرەکان دەستگیرکراون، کە هەموویان رەوانەی داواکاری گشتی کران.
ئاماژەی بەوەشکردووە، دەستیان بەسەر (147) کیلۆگرام کریستاڵ، (302) کیلۆگرام حەشیش، (148) جگەرەی حەشیش، (11,880) دەرزی ماددە هۆشبەرەکان، (838,814) حەبی کاپتاگۆن، (1,818,405) حەبی ماددە هۆشبەر بە جۆرە جیاوازەکان، و 7 و نیو کیلۆگرام هێرۆین، (41) رووەکی حەشیش و (14) گرام کۆکاین.
لە کۆتایی بەیاننامەکەیدا، ئاسایش جەختی لە پابەندبوون بە هاوکاری و بەشداریکردن لەگەڵ ئەو هەوڵانە کردەوە کە لەسەر ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان خراونەتەگەر، هەروەها ئامادەیی خۆی نیشاندا بۆ هاوکاریکردن لەگەڵ هەر لایەنێک کە لەم بوارەدا کاردەکات.