بە بۆردومانی درۆنێک.. ئەندامێکی دەزگای رێکخستنی سەربازی “هەسەدە” شەهید بوو
قامیشلۆ – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ یەکشەممە، ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) ئاشکرای کرد، ئەندامێکی دەزگای رێکخستنی سەربازی بە بۆردومانکردنی ئۆتۆمبێلێک لە قامیشلۆی رۆژئاوای کوردستان لە لایەن فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانەوە، شەهید بووە.
دوێنێ شەممە، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان ئۆتۆمبێلێکی لە ناوچەی پیشەسازی شارەکە کردە ئامانج، ئەمەش بووە هۆی گیانلەدەستدان و برینداربوونی دوو کەس، کە بەمەبەستی چارەسەرکردن گەیەندراونەتە نەخۆشخانەکان، ئەمە جگە لەوەی زیانێکی زۆری ماددی بە ئۆتۆمبێلەکان و دوکانەکانی ئەو شوێنە گەیاند، بەپێی ڕاگەیەندراوێکی هێزەکانی ناوخۆ”ئاسایش”.
ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە روپەڕی فەرمی خۆیدا ئەم هێرشەی بە “هێرشێکی تیرۆریستی” وەسف کردووە، بەو پێیەی لە ئەنجامدا 3 کەسی دیکە گیانیان لەدەستداوە کە دوانیان منداڵن.
لە بەیاننامەیەکدا “ئاسایش”دا ئاماژەی بەوە کراوە، تا ئێستا ناسنامەی سەرجەم قوربانییەکان دەستنیشان نەکراوە، لە کاتێکدا لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن بۆ ناسینەوەیان.