وەزارەتی نەوتی عێراق ئاماری هەناردەی نەوتی بۆ مانگی رابردوو بڵاوكردەوە

هەولێر-نۆرس پرێس

ئەمڕۆ دوشەممە وەزارەتی نەوتی عێراق ئاماری هەناردەی نەوتی بۆ مانگی پێنجی ئایاری 2023 بڵاوكردەوە و بەگوێرەی ئامارەكەش، داهاتی مانگی رابردو زیاتر لە حەوت ملیار و 324 ملیۆن دۆلار بوە.

وەزارەتی نەوت لەڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، بەپێی ئاماری كۆتایی كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ)، بڕی هەناردەی نەوتی خاو لە مانگی پێنجی ئایاری 2023 گەیشتە 102 ملیۆن و 463 هەزار و 387 بەرمیل، كۆی گشتی داهاتەكەشی حەوت ملیار و 324 ملیۆن و 641 دۆلار بو.

ئاماژەی بەوەشدا، كۆی ئەو بڕە نەوتەی بۆ مانگی پێنجی ئایار لە كێڵگە نەوتییەكانی ناوەڕاست و باشوری عێراقەوە هەناردە كراوە، بڕی 102 ملیۆن و 206 هەزار و 413 بەرمیل بوە، بڕی 256 هەزار و 974 بەرمیلیش بۆ ئوردن هەناردەكراوە.

هەروەها هەر بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، تێكڕای نرخی هەر بەرمیلێك بە 71.485 دۆلار بوە، ئەو بڕە هەناردەكراوانەش لەلایەن 39 كۆمپانیای نێودەوڵەتییەوە لەچەند كۆمپانیایەكەوە لە بەندەرەكانی بەسڕە و خور عەمیە لە كەنداو باركراون.