هەولێر-نۆرس پرێس
دەزگای لوتکە بۆ کاروباری ئاوارەو پەنابەران رایگەیاند، ئەو کەشتییەی کە 14ی ئەم مانگە لە کەنارەئاوییەکانی یۆنان ژێر ئاوکەوت، پێنج رۆژ لەدەریادا بووە بۆ گەیشتن بە کەناراوەکانی ئیتاڵیا، بەڵام بەهۆی برسێتی و تونوێتی ئارامیان لێبڕاوە تەنانەت گەیشتوەتە ڕادەیەک کە دوو کۆچبەر لەسەر بەلەمەکە بەهۆی تێنویەتیەوە گیانیان لەدەستداوە، کۆچبەرێک وتویەتی، “هێلیکۆپتەرێک دوای زیاتر لە 10 کاتژمێر هاتووە و دواتر بە بیانوی ئەوەی کە لەسنوری ئاوی هەرێمی یۆنانن ناتوانێت ڕزگاریان بکات بۆیە بەجێیان دەهێڵێت”.
ئەمڕۆ دووشەممە دەزگای لوتکە بۆ کاروباری ئاوارەو پەنابەران نوێترین زانیاری بڵاوکردەوە و دەڵێت، دوای بڵاوبونەوەی دەنگۆی تاوانبارکردنی پاسەوانانی کەناراوەکانی یۆنان و فرۆنتێکس بەوەی کە هۆکاری ژێرئاوکەوتنی ئەو بەلەمە بۆ کەمتەرخەمی ئەوان دەگەڕێتەوە بەدواداچونی کرد و دەرکەوت کە ئەو کەشتییەی لە 8ی حوزەیرانەوە بەڕێکەوتووە و پێنج رۆژ لەدەریادا بووە بۆ گەیشتن بە کەناراوەکانی ئیتاڵیا، بەڵام بەهۆی برسێتی و تێنویەتیەوە ئارامیان لێبڕاوە تەنانەت گەیشتوەتە ڕادەیەک کە دوو کۆچبەر لەسەر بەلەمەکە بەهۆی تێنویەتیەوە گیان لەدەستدەدەن، کە یەکێکیان پاکستانی بووە و ئەوەی دیکەیان سوری بووە.
ئاماژەی بەوەشکردوە، دوای ئەوەی پەیوەندی بە فریاکەوتنەوە دەکەن و داوای بەهاناوەچون دەکەن هەربەپێی ئەو زانیاریانەی کە دەزگای لوتکە لە لێدوانی یەکێک لە ڕزگار بوەکانەوە دەستی کەوتووە، هێلیکۆپتەرێک دوای زیاتر لە 10 کاتژمێر هاتوە و دواتر بە بیانوی ئەوەی کە لەسنوری ئاوی هەرێمی یۆنانن ناتوانێت ڕزگاریان بکات بۆیە بەجێیان دەهێڵێت.
هەروەها دەزگای لوتکە بۆ کاروباری ئاوارەو پەنابەران گۆتی، هەر بەپێی وتەی ئەو کۆچبەرە سوریە، دوای چەند کاتژمێرێکی دیکە بەلەمێکی یۆنانی چووە و ئاو خواردنیان بۆ بردووە، ئاو خواردنەکە هەڵدەداتە یەک لای بەلەمەکە بۆیە هەموو کۆچبەرەکان بۆ یەک لای بەلەمەکە ڕادەکەن، دواتر بەلامەکە توشی ناهاوسەنگی دەبێت، دواتر لەلایەن کەسانی ناو بەلەمە یۆنانییەکەوە پیان ڕادەگەیەنن، کە ناتوانن ڕزگارتان بکەن بۆیە بەردەوام بن لە ڕۆشتن لەدوامانەوە دەتانگەیەنینە کەناراوەکانی ئیتاڵیا دواتر بەهەمان ناهاوسەنگی بەردەوام دەبن لەڕۆشتن، دوای نیوکاتژمێر لە ڕۆشتن بزوێنەری مەکینەی کەشتیەکە لە کار دەکەوێت.
ئاژانسی پاسەوانی سنور و کەناراوەکانی یەکێتی ئەوروپاش کە ناسراوە بە فرۆنتێکس رایگەیاند، هەفتەی ڕابردوو هیچ وەڵامێکی لە یۆنان وەرنەگرتەوە، دوای ئەوەی پێشنیاری ناردنی فڕۆکەیەکی کرد بۆ چاودێریکردنی بەلەمەکە کە لە کۆتاییدا نوقم بووە، دەسەڵاتدارانی یۆنان لانیکەم بۆ ماوەی 13 کاتژمێر ئاگاداری ئەو کەشتییە بون پێش ئەوەی ژێر ئاو بکەوێت.
بەلەمەکە 750 پەنابەر و کۆچبەری پاکستانی، سوری، میسری و فەڵەستینی هەڵگرتبو. تەنها 104 کەس بە زیندوی ڕزگارکراون، تەرمەکانیش گەشتونەتە 80 تەرم و زیاتر لە500 کەس بێسەروشوێنن.