لە حومسی سوریا باجی سەربرینی قوربانییەکان لە نێوان 200 بۆ 500 هەزار لیرەیە
دیمهشق – نۆرس پرێس
بەرێوبەری بەشی کاروباری تەندروستی لە ئەنجومەنی شاری حومسی سوریا رایگەیاند، باجی سەربڕینی مەڕەکان 200 هەزار لیرەیە (25 دۆلار) بۆ گۆشتفرۆشەکان و 500 هەزار لیرە (57 دۆلاری) بۆ رێکخراوە خێرخوازییەکان دەستنیشانکراوە.
محەمەد زەیدان، رۆژی دووشەممە 26/6/2023، لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەی “وەتەن” نیمچە فەرمی رایگەیاند، کارمەندانی تەندروستی راسپێردراون بۆ توندکردنەوەی چاودێریکردنی کارگەکانی شیرینی و کوشتارگەی پەلەوەر و ئاژەڵان و کارگەکانی ساردەمەنی و ئایسکرێم.
زەیدان ئاماژەی بەوەدا، ئەو گۆشتفرۆشانەی کە ئارەزووی سەربڕینی قوربانییەکانی جەژن دەکەن، راسپێردران کە داواکارییەک پێشکەشی بەرێوەبەرایەتی کاروباری تەندروستی بکەن بۆ وەرگرتنی رەزامەندی پێویست، هەروەها بەڵێنامەیەک لە گۆشتفرۆشەکان وەردەگیرێت کە پابەندبن بەو مەرجە تەندروستیانەی کە بۆ سەربرین دیاریکراون، کە بریتین لە سەربڕین لەنێو قەسابخانە و فرێنەدانی پاشماوە بۆ نێو ئاوەرۆ و سەر شەقامەکان، بەڵکو دەبێت پاشماوەکان لە زەرفێکی رەشی تایبەت بە پاشماوە کۆبکرێتەوە.
بەرێوبەری بەشی کاروباری تەندروستی لە ئەنجومەنی شاری حومسی دەلێت، بەرێوەبەرایەتی تەندروستی نزیکەی 100 مۆلەتیداوە بە قەساب و کۆمەڵگەی خێرخوازی، بۆ سەربرینی قوربانییەکان لە شوێنە تایبەتەکان دوای جێبەجێکردنی مەرجەکانی تەندروستی پێویست.
ئاشکراشیکرد، ئەگەر هەر کەسێک یان گۆشتفرۆشێک بێ وەرگرتنی مۆڵەت لە بەشی کاروباری تەندروستی، کاری سەربڕینی قوربانییەکان ئەنجام بدات، ئەوا دوکانەکەی بۆ ماوەی مانگێک دادەخرێت و بە 500 هەزار لیرە سزادەدرێت، بەڵام ئەگەر رەزامەندی وەربگرێت و یەکێک لە مەرجە تەندروستییەکانی سەرپێچی بکات، ئەوا دوکانەکەی بۆ ماوەی هەفتەیەک دادەخرێت.
سەبارەت بە رێکخراوە خێرخوازییەکان، لە ئەگەری سەرپێچیکردنیان بە وەرنەگرتنی رەزامەندی سەربڕین، ئەوە بە یەک ملیۆن لیرە (125 دۆلار) سزادەدرێن.
جەختیشی کردەوە کە سەربرینی گوێرەکە و مانگا تەنها لە نێو کوشتارگەی شارەوانیدا ئەنجام دەدرێت گوتیشی، کە باجی سەربڕینی مانگا پێنج هەزار لیرەی سوریی دانراوە و باجی سەربڕینی هەر مەرێک تەنها هەزار لیرەی سوریی دەستنیشانکراوە.