سەندیکای رۆژنامەنووسانی ئەڵمانیا ڕەخنەی زۆری لەسەر بڕیارێک دەربڕی

هەولێر- نۆرس پرێس

یەکێک لە گەورەترین دەزگاکانی چاپ و بڵاوکردنەوەی ئەوروپی هەنگاوی یەکەمی ناوە بۆ گۆڕینی سەدان رۆژنامەنووس کە لە رۆژنامە جۆراوجۆرەکانیدا کاردەکەن بە زیرەکی دەستکرد.

 سەدان کارمەندی رۆژنامەی بەناوبانگ و بەربڵاوی “بیڵد” لە ئەڵمانیا، ئیمەیڵێکیان لە دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی “ئاکسێل سپرینگەر”، خاوەنی رۆژنامەکە پێگەیشت، کە ئاگاداریان کردەوە نزیکەی 200 هەلی کار دەبڕدرێت، وەک بەشێک لە پلانێک بۆ کەمکردنەوەی خەرجییەکان بە رێژەی نزیکەی 100 ملیۆن یۆرۆ.

بیڵد، پێکدێت لە کەناڵێکی تەلەفزیۆنی و رۆژنامەیەکی بەناوبانگ، هەروەها 18 دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەشی هەیە بە نیازە کەمیان بکاتەوە بۆ 12 دەزگای چاپ.

ئەو ئیمەیڵەی کە کارمەندەکان پێیانگەیشتووە، لەلایەن رکابەرەکەی فرانکفۆرتەر ئەلجیمەین زایتونگەوە بڵاوکراوەتەوە، تێیدا هاتووە ئەوانەی لە کارەکانیان لادەبرێن، جێگاکەیان بە زیرەکی دەستکرد پڕدەکرێتەوە.

رۆژنامەی بیڵد پڕ خوێنەرترین رۆژنامەی ئەڵمانیایە، بەڵام ساڵانێکە ژمارەی خوێنەرانی بە شێوەیەکی بەردەوام لە دابەزیندایە، 20 ساڵ لەمەوبەر ژمارەی خوێنەرانی رۆژنامە ئەڵمانیەکە، زیاتر لە 4 ملیۆن و نیو خوێنەر بووە، ئێستا ژمارەکە کەمبووەتەوە بۆ تەنها یەک ملیۆن خوێنەر.

جگە لەوەش، دوو ساڵ لەمەوبەر، رۆژنامەکە بەهۆی کەیسێکی ئابڕووبەرانە کێشەی تێکەوت، لە ئەنجامدا ناچار بوو سەرنووسەری گشتیی خۆی، یولیان رایشاڵت، لە کارەکەی دووربخاتەوە، دوای ئەوەی گۆڤاری “دێر شپیگل” راپۆرتێکی رۆژنامەوانی بڵاوکردەوە، سەبارەت بە پراکتیزەکردنی قسەکردن و هەراسانکردنی رۆژنامەنووسانی راهێنراو و پێدانی دەرفەتی کارکردن لەناو رۆژنامەکەدا لە بەرامبەر دروستکردنی پەیوەندی کەسی لەگەڵیاندا.

دوای دۆسیەی رایشاڵت، ماتیاس دۆپفنەر، بەرپرسی دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوە تێکەڵ بە ئابڕووچونێکی دیکە بوو، دوای ئەوەی نامەکانی دزەپێکرا کە لەلایەن”دی تسایت”وە بڵاوکرابوونەوە کە ئاماژەیان بەوە کردبوو، هەوڵی داوە رۆژنامەی”بیڵد” بۆچوونەکانی وەربگرێت، سەبارەت بە دژایەتیکردنی ئەو رێکارانەی دوای کۆڤید 19، و کاریگەری لەسەر هەڵبژاردنەکان، ئەمیش بە هێرشکردنە سەر ئەنگێلا مێرکڵ راوێژکاری پێشووی ئەڵمانیا.

دوپفنەر بەشێوەیەکی کەسی سەرکردایەتی پرۆسەی کەمکردنەوەی تێچوونەکان و گۆڕینی رۆژنامەنووسان بە زیرەکی دەستکرد دەکات. مانگی ئاداری ساڵی رابردوو رێگەی بۆ بڕیارەکەی خۆشکرد کاتێک پەیامێکی ناوخۆیی بۆ فەرمانبەران نارد و باسی “گۆڕانکارییەکانی داهاتوو”ی کرد، لەوانە هەڵوەشاندنەوەی چاپی کاغەزی رۆژنامەکان و گۆڕینی بۆ رۆژنامەی دیجیتاڵی، هەروەها ئاماژەی بەوەدا، کە دەستبەرداری کۆمەڵێک کار دەبێت کە زیرەکی دەستکرد دەتوانێت ئەنجامی بدات، وەک نووسینی بەرنامەی “GBT Chat” بۆ راپۆرتە هەواڵ.

جێی باسە ئەو بڕیارە لەلایەن سەندیکای رۆژنامەنووسانی ئەڵمانیاوە رەخنەی زۆری لێگیرا.