بە هۆی کەوتنەوەی ئاگرێکەوە لە کامپی واشۆکانی دوو منداڵ گیانیان لەدەستدا
حەسەکە – نۆرس پرێس
دوێنێ شەممە، لە ئەنجامی ئاگرکەوتنەوە لە کامپی واشۆکانی، ڕۆژئاوای شاری حەسەکە، رۆژئاوای کوردستان،
لە کەرتی “ب” کامپەکە، دوو منداڵ گیانیان لەدەستدا و پێنج ئاوارەش بریندار بوون.
هێڤین عەبدۆ، هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی کامپەکە وتی، گومان دەکرێت ئاگرەکە بەهۆی شۆرتی کارەبای یەکێک لە چادرەکانەوە بووبێت و دواتر چادرەکانی دراوسێی گرتۆتەوە.
ئەو دوو منداڵەی کە سوتاون بریتین لە “عەدنان مەحمود حسێن (6 ساڵ) و عەبدولڕەزاق مەحمود حسێن (5 ساڵ)، ئاوارەی گوندی ئوم ئەلخێرن، ئەمە جگە لە سوتانی 7 چادر ، بە وتەی هێڤین.
ساڵی 2019 کامپی واشۆکانی لە نزیک شارۆچکەی توەینە دامەزرا، بۆ ئاوارەبووانی سەرێکانی و گرێ سپی، لە ئێستادا نزیکەی 6355 کەس و 2371 ماڵباتی تێدا دەژی، بەپێی ئاماری بەڕێوبەری کامپەکە.