هەولێر- نۆرس پرێس
بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئاسمانى هەرێم بە گشتى ساماڵ دەبێت لە ماوەى ڕۆژانى جەژن و پلەکانی گەرماش لە نێوان37 پلە بۆ 43 پلەدا دەبێت.
بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان لەبارەی رەوشی کەشوهەوای رۆژانی جەژنی قوربان، رایگەیاند، “ئاسمانى هەرێم بە گشتى ساماڵ دەبێت لە ماوەى ڕۆژانى جەژن”، سەبارەت بە پلەکانی گەرماى پێشبینیکراو لەسەنتەرى پارێزگاکان ڕۆژى چوارشەممە لە هەولێر، 40 پلە دەبێت، لە سلێمانی 37 پلە، لە دهۆک 38 پلە، لە هەڵەبجە 41 پلە و لە کەرکوک 43 پلە دەبێت.
ئاماژەی بەوەشکردوە، سەبارەت بە ناوچە شاخاوییەکان بەرزترین پلەکانى گەرما لە نێوان (30-35) پلەى سیلیزى دەبێت، ناوچە شاخاوییە سنوریەکان بەرزترین پلەکانى گەرماى لە نێوان (27-30) پلەى سیلیزى دەبێت، ئیدارەى گەرمیان بەرزترین پلەکانى گەرماى لە نێوان (42-44) پلەى سیلیزى دەبێت.
کەشناسی دەڵێت، رۆژی پێنجشەممە بەرزترین پلەى گەرمى پێشبینیکراو بە یەک پلە بەرز دەبێتەوە لە سەرجەمى ناوچەکان ئاسمانیش بە گشتى ساماڵ دەبێت.
ئەوەشی خستەڕوو، ڕۆژى هەینى پێشبینى نزمبونەوەى پلەکانى گەرما لە تەواوى ناوچەکەمان هەیە بە نزیکەى (2-3) پلەى سیلیزى، بە بەراورد بە پلەکانى ڕۆژى چوارشەممەوە و ئاسمانیش هەر ساماڵ دەبێت.