75 گیانلەدەستدان و بریندار.. بەرزبوونەوەی ژمارەی قوربانیانی بۆردوومانەکەی رووسیا بۆ سەر ئیدلیب

ئیدلیب – نۆرس پرێس

دوێنێ یەکشەممە، ژمارەی قوربانیانی بۆردوومانەکەی رووسیا، کە لە رۆژێکی خوێناویدا بازاڕێکی بەناوبانگی ئیدلبیان کردە ئامانج، بۆ 75 گیانلەدەستدان و بریندار بەرزبووەوە، لە نێویاندا قوربانی منداڵ هەبوو، ئەمەش خراپترین دۆخی ئەمنییە لە باکووری رۆژئاوای سوریا لە ماوەی نزیکەی سێ ساڵدا.

سەرچاوە پزیشکییەکان بە نۆرس پرێسیان راگەیاند، ژمارەی قوربانیانی بۆردوومانەکەی رووسیا کە بازاڕی “ئەلبەندۆرە”یان لە شاری “جسرئەلشوغور” لە رۆژئاوای ئیدلب کردە ئامانج، گەیشتووەتە 10 گیانلەدەستدان و 65 بریندار کە چەند منداڵێکیان تێدایە.

ئاماژەی بەوەشکرد، بریندارەکان بەسەر نەخۆشخانەکانی “ئەلقونیە” لە گوندەواری “جسرئەلشوغور” و نەخۆشخانەی نەشتەرگەری “جسرئەلشوغور” و نەخۆشخانەی “قایمقامیەت” لە ئیدلب دابەشکراون و بەشێک لە بریندارەکانیش گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەی “باب ئەلهەوا” لەسەر سنوور لەگەڵ تورکیا، لە باکووری ئیدلب، بەهۆی سەختی برینەکانیانەوە.

دوێنێ یەکشەممە، باکووری رۆژئاوای سووریا کەوتە بەر زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانی توندوتیژ لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی رووسیاوە، کە یەکەم هێرشە لە جۆری خۆیدا لەدوای واژۆکردنی رێککەوتنی ئاگربەست و “کەمکردنەوەی توندوتیژی” نێوان لایەنی رووسیا و تورکیا لە مانگی ئازاری 2020، بەو پێیەی 12 کەس کوژران و دەیانی دیکەش برینداربوون .