لە هەولێر کۆنفرانسێک بەرێوەچوو

هەولێر – نۆرس پرێس

زانکۆی کوردستان بە هاوکاری زانکۆی کامبریجی بەریتانی کۆنفرانسێکی تایبەت بە دۆکیۆمێنتکردنی میراتی کلتوری زارەکی لە کوردستان و عێراق و ڕۆڵی لە بنیاتنانی ئاشتیدا ئەنجامدا.

لە کۆنفرانسەکەدا کۆمەڵێک توێژەر و ئەوانەی ئارەزووی میراتی زارەکییان لە عێراقدا هەیە بەشداریان کردووە، لەوانە توێژەرانی کورد و سریانی و باسیان لە گرنگی زیندووکردنەوەی هونەر و چیرۆکە فلکلۆرییە هاوبەشەکان بۆ هەموو کەمینەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق کرد.

لۆرد حەبیب حەنا، توێژەر لە بواری دۆکیۆمێنتکردنی میراتی کلتوری زارەکی لە عێراق بە نۆرس پرێسی ڕاگەیاند، زانکۆی کوردستان بە هاوکاری لەگەڵ زانکۆی کامبریج نزیکەی دوو ساڵ لەمەوبەر ئەم پڕۆژەیان دەستپێکردووە، و تایبەتە بە بەڵگەنامەکردنی میراتی زارەکی یان فلکلۆری و حیکایەتێکی فلکلۆری.

حەنا هەروەها گووتیشی، ئێمە چیرۆکی فلکوریمان لە کۆمەڵگەی کریستیانەکاندا دۆزیوەتەوە کە بە زمانی سریانی یان ئارامیی مۆدێرن قسە دەکەن، هەروەها لە نێو کۆمەڵگەی موسڵمانانی کورد لە ناوچەی کوردستان، هەوڵماندا بەدوای ڕێگایەکدا بگەڕێین کە بتوانرێت ئەم لێکچوونە لە بنیاتنانی ئاشتیدا کەڵکی لێ وەربگیرێت.

کۆمەڵێک خوێندکار لە زانکۆی کوردستان بەشدار بوون لە کۆنفرانسەکەدا، کە تابلۆی هونەری پلاستیکیان نمایش کرد، لەوانە خوێندکار ئیڤا محەمەد بەشداری ئەم کۆنفرانسەی کردووە، لە ڕێگەی پێشانگای هونەری پلاستیکەوە و تابلۆی داریان تێدا نمایش کردووە.

ئەو خانمە بە نۆرس پرێسی ڕاگەیاند، یەکێک لە مامۆستاکانمان دارە کۆنەکانی بەکارهێنایەوە و کردی بە تابلۆ، کە ئێستا پێشکەش دەکرێت بۆ فرۆشتن، داهاتەکەیشی بۆ ڕێکخراوێکی خێرخوازی لە هەرێمی کوردستانی عێراق دەڕوات.

لە کۆنفرانسەکەدا کۆمەڵێک هونەرمەندی سوری بەشدارییان لە گۆرانی وتن بە زمانی سریانیدا کردووە لەپێناو زیندووکردنەوەی میراتی زارەکی مەسیحی لە عێراقدا.

کلدۆ ئوغەنا بەڕێوبەری گشتی ڕۆشنبیری و هونەری سریانی لە هەرێمی کوردستان، وتی، لە ڕێگەی ئەم کۆنفرانسەوە هەوڵماندا گرنگی میراتی دێرینی سریانی نیشان بدەین.

ئوغەنا ڕوونیشیکردەوە، لە کۆنفرانسەکەدا باسیان لە حیکایەتەکانی فۆلکلۆری باو لە نێوان هەموو پێکهاتەکانی ناوچەکەدا کردووە، ئەمە وەک ئاماژە بۆ پاراستنی ناسنامەی پێکهاتەکان لەناو هەرێمی کوردستان و عێراقدا.

کۆنفرانسەکە بە کۆنسێرتێکی میوزیکی کۆتایی بە چالاکییەکانی هێنا، کە تیایدا گەنجانی مۆسیقاژەنی کوردی کۆکردووەتەوە و تێیدا کۆمەڵێک گۆرانی فلکلۆری کوردییان پێشکەش کرد، هەروەها هونەرمەندانی کریستیانی سریانی ئاواز و گۆرانی کۆنی سریانییان پێشکەش کرد.

ئامادەکردنی: سوها کامێل داڕشتنەوە: تەیسیر محەمەد