کوژران و برینداربوونی 30 کەس بەهۆی بۆردوومانەکانی رووسیاوە لە ئیدلیب
ئیدلیب – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ یەکشەممە، بەهۆی هێرشە چڕەکانی رووسیاوە بۆ سەر ناوچە جیاوازەکانی ئیدلب و گوندەواری لازقییە لە باکووری رۆژئاوای سوریا، نزیکەی 30 کەس کوژران و بریندار بوون، ،کە یەکەم هێرشە لە جۆری خۆی لە ماوەی سێ ساڵدا.
سەرچاوە سەربازییەکان لە ئیدلب بە نۆرس پرێسیان راگەیاندووە، لە سەرلەبەیانی ئەمڕۆوە فڕۆکە جەنگییەکانی رووسیا زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانییان بۆ چواردەوری شاری ئیدلب، شاری جسر ئەلشوغور، جەبەل ئەلئەربەعین، زابور و بێنین لە چیای زاوییە لە باشووری ئیدلب و چواردەووری شارۆچکەی کەبینە لە باکووری لازقییە دەستپێکردووە.
ئاماژەیان بەوەشکردووە، هەڵمەتەکانی رووسیا کێڵگەکانی نزیک شارەکە و بازاڕی سەوزە لە شاری جسر ئەلشوغور لە رۆژئاوای پارێزگاکەیان کردۆتە ئامانج و پێنج کوژراو و زیاتر لە 25 برینداری لێکەوتووەتەوە، کە زۆربەیان لە بازاڕی شاری جسر ئەل-شوغور بوون، هەروەک باس لەوە دەکرێت کە ژمارەی کوژراو و بریندارەکان بەهۆی بەردەوامی هێرشەکانەوە، بەردەوام لەبەرزبوونەوەدایە.
سەرچاوەکان ئاماژەیان بۆ ئەوە کردووە، نەخۆشخانەکانی شاری جسر ئەلشوغور پەیوەندییان بە ئەمبوڵانسی ناوچەکانی دیکەوە کردووە بۆ ئەوەی بریندارەکان بگوازرێنەوە بۆ نەخۆشخانەکانی ناوچە نزیکەکان، بەهۆی پڕبوونی نەخۆشخانەکانی شارەکە لە برینداران و نەتوانینی چارەسەرکردنیان.
ئەم پەرەسەنە سەربازییەی رووسیا دژ بە ناوچەکانی باکووری رۆژئاوای سوریا، لە ماوەی نزیکەی سێ ساڵدا یەکەمجارە لە جۆری خۆیدا، بەو پێیەی لە ناوەڕاستی ئەم مانگەوە فڕۆکە جەنگییەکانی رووسیا زیاتر لە 25 هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ناوچەکە دەستپێکردووە و بەو هۆیەوە هاوڵاتیانی سڤیل کوژراون و برینداری لێکەوتووەتەوە.