“هەسەدە” لە دەروازەئاوییەکانی دێرەزوور رێگە لە بەقاچاخ بردن دەگرێت
دێرەزوور – نۆرس پرێس
دوێنێ شەممە، دوو کاروانی سەربازی هێزەکانی سوریای دیموکرات، هەڵیانکوتایە سەر دەروازەکانی قاچاخچێتی رووبارەکان لە دوو شارۆچکەی گوندەوارەکانی رۆژهەڵات و رۆژئاوای دێرەزوور، هەروەها دەستیان بەسەر ئەو کەرەستانەدا گرت کە مەبەست لێی بەقاچاخ بردن بووە بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی حکومەت لە رۆژئاوای فورات .
سەرچاوەیەکی سەربازی لە “هەسەدە”ەوە رایگەیاند، کاروانێکی سەربازییان هەڵیانکوتایە سەر دەروازەی نایاسایی رووباری ئەلشەبەک لە شارۆچکەی ئەلشهەیل لە گوندەواری رۆژهەڵاتی دێرەزوور کە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی “هەسەدە” بە ناوچەکانی رۆژئاواوە دەبەستێتەوە لە فورات کە لە ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی حکومەتدایە.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکرد، قاچاخچییەکان توانیویانە هەڵبێن، هاوکات “هەسەدە” دەستی بەسەر کەلوپەلی خۆراک و نەوتدا گرتووە کە مەبەست لێی بەقاچاخ بردن بووە.
لە گوندەواری رۆژئاوای دێرەزوور، کاروانێکی “هەسەدە” هەڵیکوتایە سەر دەروازەکانی قاچاخچێتی رووبارەکان لە شارۆچکەی زوغەیر جزیرە و توانیان دەست بەسەر بڕێکی “باش” سووتەمەنیدا بگرن کە مەبەست لێی گواستنەوە و بەقاچاخ بردن بووە بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی حکومەت، بەپێی هەمان سەرچاوە.
سەرچاوەکە دووپاتیشی کردەوە، ئەم کاروان و هەڵمەتانە بۆ سەر دەروازەی رووبارەکان بەردەوام دەبێت، بۆ کەمکردنەوەی دیاردەی قاچاخچێتی، هەروەها بۆ بەدیهێنانی هاوسەنگی ئابووری لە ناوچەکە.