حمەیمیم لەسەر هێرشەکانی لازقییە هاتەدەنگ
ئیدلیب – نۆرس پرێس
دوێنێ شەممە، ناوەندی ئاشتەوایی رووسیا لە بنکەی حمەیمیم لە سوریا رایگەیاند کە دەستەی تەحریرشام (بەرەی نوسرەی پێشوو) و رێکخراوی “حیزبی ئیسلامی تورکستانی”، “تیرۆریست”، شەش بۆمبی چینراویان بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان فڕێداوەتە خوارەوە، لە ناوچەکانی لازقیە و حەمات.
ئۆلێگ گۆرینۆڤ، جێگری سەرۆکی ناوەندی ئاشتەوایی رووسیا لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: “رۆژی 23ی حوزەیران، چەکدارانی هەردوو گرووپی تیرۆریستی نوسرە و ئیسلامی تورکستانی، بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، شەش بۆمبی چێنراویان بۆ سەر ناوچەکانی قەردەحە و دێر شامیل و تەل سەهلەب لە پارێزگاکانی لازقیە و حەمات، بەرداوەتەخوارەوە”.
گۆرینۆڤ ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ئەنجامی هێرشەکاندا ” کەسێک کوژراوە و منداڵێک برینداربووە”.
ناوچەکانی ئاگربەست لە باکووری رۆژئاوای سووریا، پەرەسەندن و بۆردوومانی رووسیا بۆ سەر گروپەکانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا بەخۆوەدەبینن، کە بووەتە هۆی کوژران و برینداربوونی هاووڵاتیانی سڤیل، ئەمەش لە کاتێکدایە کە لە کۆتایی هەفتەی رابردووەوە تا رۆژی یەکشەممە ئاڵوگۆڕی تۆپباران بەردەوام بووە.