ئەمریکا سیستەمی بەرگری ئاسمانی بۆ هەرێمی کوردستان دابین دەکات

هەولێر – نۆرس پرێس

بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی (میدل ئیست ئای)، ئەمریکا هەوڵ دەدات سیستەمی بەرگری ئاسمانی بۆ پێشمەرگە و هەرێمی کوردستان بەهێزتر بکات، ئەمەش لە چوارچێوەی گفتوگۆکانی رۆژنامەی نیشتمانی یاسای رێگەپێدانی بەرگری بۆ ساڵی 2024 (NDAA)، کە یاساکە بودجەی ساڵانەی پێنتاگۆن دادەنێت.

هەمان ماڵپەڕ، چوارشەممەی پێشوو رایگەیاند کە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا هەموارکردنەوەی کۆنگرێسی کۆمارییەکان، دۆن بەیکنی پەسەند کردووە، بۆ بەهێزکردنی سیستەمی بەرگری هێزەکانی پێشمەرگە.

ماڵپەڕەکە لە زاری دۆن بەیکنەوە راگەیاندووە” ئەو ڕێوشوێنە پاڵپشتی بەهێزی دوو پارتی دەسەڵاتداری ئەمریكا دەکات، بەڵام پێویستە كۆنگرێسی ئەمریكا بە هەردوو ئەنجوومی نوێنەران و پیرانیشەوە هەنگاوەكە پەسەند بكەن”.

هەروەها بەیکن داوا لە ئیدارەی ئەمریکا دەکات پلانێكی كار ئامادە بکەن بۆئەوەی مەشق و راهێنان بە هێزەكانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەكانی عێراق بكەن تاوەكو بتوانن لە دژی مووشەك و فڕۆكەی بێ فڕۆكەوانی کۆماری ئیسلامی ئێران بەرگری لە خۆیان بكەن.

لە لایەکی دیکەوە، بابەکر زێباری، راوێژکاری سەربازی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاندووە کە، “دابینکردنی سیستەمی بەرگری لەلایەن ئەمەریکا و دۆستانمان بۆ هێزی پێشمەرگە و هەرێمی کوردستان زۆر گرنگە و دەبێتە هۆی نەمانی مەترسی هێرشی دووژمنان بۆ سەر هەرێمی کوردستان”.

راوێژکارەکە جەختیشی کردوەتەوە: “هەرێمی کوردستان و هێزی پێشمەرگە مافی خۆیانە سیستەمی بەرگریان بۆ دابین بکرێت، کەسیش ناتوانێ ڕێگری لەوە بکات”.

گوتوشیەتی، “هەوڵەکان بەردەوامن و هەر بڕیارێکیش لە لایەن ئەمەریکاوە بدرێت دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، چونکە ئەوان کە بڕیاریاندا جێبەجێیشی دەکەن، بۆیە سیستەمی بەرگری بۆ  هەرێمی کوردستان و هێزی پێشمەرگە دابین دەکرێت”.

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە کە هێزەکانی پێشمەرگە لە چوارچێوەی هەڵمەتی واشنتۆن بۆ شکستپێهێنانی چەکدارانی داعش چەک و هاوکاری دارایی لە ئەمریکا وەردەگرێت.

ئاماژەی بەوەشکردووە، هەرێمی کوردستان تاڕادەیەک سەقامگیرە، بەڵام لە ساڵی ڕابردوودا شایەتی پەرەسەندنی توندوتیژییەکان بووە، بەو پێیەی ئێران و تورکیا هێرشی ئاسمانییان بۆسەر گروپە کوردییەکانی چالاک لە ناوچەکە دەستپێکردووە.

لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەدا ئەوەش هاتووە” سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە کۆتایییەکانی ساڵی 2022دا گرووپە کوردەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی کردە ئامانج، ئەو کاتەی تاران هەوڵی سنووردارکردنی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکان بوو کە بەهۆی کوژرانی ئەو ژنە گەنجە کوردە بە ناوی مەهسا ئەمینی سەریهەڵدا”.

لای خۆشیەوە جۆناسان لۆرد سەرۆکی پرۆگرامی ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە سەنتەری ئاسایشی نوێی ئەمریکا، بە ماڵپەڕەکەی ڕاگەیاندووە” دابینکردنی سیستەمی بەرگری ئاسمانی بۆ پێشمەرگە، دەکرێت ناکۆکی لەگەڵ سنووردارکردنی دابینکردنی سەربازی هەبێت، چونکە هاوپەیمانەکانی دیکەی ئەمریکا کێبڕکێ لەسەر سەرچاوەی چەک دەکەن، وەک لە ئۆکرانیا و وڵاتانی کەنداو”.