بەهوی ژێرئاوکەوتنی بەلەمێکی کۆچبەران لە ئیتاڵیا زیاتر لە 40 کەس بێسەروشوێن بوون

هەولێر- نۆرس پرێس

بەهوی نوقم بونی بەلەمێکی کۆچبەران لە دورگەیەکی بچوکی لامپدۆسا، زياتر لە 40 کەس بێسەروشوێن بوون.

بەگوێرەی ئاژانسی فرانس 24، چیارا کاردۆلێتی، وتەبێژی کۆمیسیاری باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتوەکان لە ئیتاڵیا ڕایگەیاند، دوای ئەوەی ڕۆژی پێنجشەممە بەلەمێکی کۆچبەران لە دورگەی بچوکی لامپێدوسای ئیتاڵیا ژێرئاوکەوت نزیکەی 40 کەس بێسەروشوێن بوون.

ئەو بەرپرسەی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ ئاژانسی فرانس پرێس پشتڕاستی کردەوە و ڕایگەیاند، لانیکەم کۆرپەلەیەک لەنێو ئەو کەسانەدایە کە بێسەروشوێن بوونە.

فلاڤیۆ دی جیاکۆمۆ، وتەبێژی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچبەران ڕایگەیاند، بەلەمەکە لە شاری سفاکس لە تونسەوە بەڕێکەوتبو و 46 کۆچبەری لە ئەفریکا و کەناری عاج و بورکینافاسۆ و کامێرونەوە هەڵگرتبوو، بەڵام بەهۆی بای بەهێز و شەپۆلی زەبەلاحەوە وەرگەڕاوە.

ئاماژەی بەوەشکردوە، چەند ڕزگاربویەک بردراونەتە لامپێدوسا و هەندێکی دیکەش گەڕێنراونەتەوە تونس، لە نێو ونبوەکاندا حەوت ژن هەن، ئەوانەی لە مردن ڕزگاریان بووە هەمویان پیاوی پێگەیشتوو بوون.

وتەبێژی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچبەران  دەڵێت، لە مانگی تشرینی دووەمەوە، تێبینیمان کردووە ژمارەی هاتنی کۆچبەرانی ئەفریکا کە لە تونسەو هاتوون لە ژمارەی کۆچبەرانی تونس زیاتر بووە، بەهۆی ئەوەی رێگای دەریای تونس سەلامەتترە لە ڕێگای لیبیا و کورتترە بۆیە زیاتر پشتی پێدەبەسترێت.

لامپێدوسا دەکەوێتە دوری 145 کیلۆمەتر لە کەناراوەکانی تونس، یەکێکە لە خاڵە سەرەکییەکانی چونە ژورەوە بۆ ئەو کۆچبەرانەی کە لە دەریای ناوەڕاست دەپەڕنەوە بۆ ئەوروپا.

لە ساڵی 2022دا زیاتر لە 46 هەزار کۆچبەری نایاسایی گەیشتونەتە ئەو دورگەیە لە کۆی 105 هەزار کۆچبەری نایاسایی کە گەیشتونەتە ئیتاڵیا.