بەرپرسێکی رۆژئاوای کوردستان داواکاریەک ئاراستەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات

حەسەکە – نۆرس پرێس

ڕۆژی شەممەی ڕابردوو، بەرپرسێکی ئەنجومەنی سوریای دیموکرات، داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کە بەرپرسیارێتی خۆی بەرامبەر بە ئیدارەی خۆسەر جێبەجێ بکات و کۆتایی بە پێشێلکارییەکانی تورکیا لە رۆژئاوای کوردستان بهێنێت.

ئەمەش لە چوارچێوەی دیالۆکێکدا هات کە لەلایەن هەسەدە لە شاری حەسەکەی ڕۆژئاوای کوردستان بەڕێوەچوو، بۆ تاوتوێکردنی دوایین پێشهاتە سیاسییەکانی سوریا، بە هاوکاری پارتی چەپی کورد لە سوریا و تێیدا زۆرێک لە کەسایەتییەکان و نوێنەری پارتە سیاسییەکان لە هەرێم و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و شێخەکانی خێڵ و ڕۆشنبیران بەشداریان کردووە.

حوسێن عەزەم، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی پەیوەندییەکانی جەزیرە لەگەڵ ئەنجومەنی سوریای دیموکرات، بە نۆرس پرێسی ڕاگەیاند، ئەمەریکا دەتوانێت کۆتایی بەم پێشێلکاریانە بهێنێت و تورکیا لە بەئامانجکردنی ناوچەکە ڕابگرێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، پەیوەندییەکانمان لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەردەوامە، بەتایبەت زلهێزەکانی وەک ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، بۆ ئەوەی لە بەرامبەر ئەم پێشێلکارییانەی تورکیادا بوەستنەوە.

عەزەم مەرجەکانی کۆبوونەوەی ئەم دواییەی ڕەتکردەوە و بە دوژمنانە وەسفی کرد و گووتی، ئێمە پشتگیری لە گەڕانەوەی سوریا بۆ کۆمکاری عەرەبی دەکەین، بەڵام بە مەرجێک ئەم گەڕانەوەیە بۆ بەرژەوەندی گەلی سوریا تەرخان بکرێت.

ئەو بەرپرسە داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کە لە بەرامبەر بەرپرسیارێتی ئەخلاقی و یاسایی خۆی بەرامبەر پێشێلکارییەکانی تورکیا بوەستێتەوە.

بە گوتەی عەزەم، دادگاییکردنی ئەندامانی داعش یەکێک بوو لە بڕگەکانی سیمپۆزیۆمەکەیان، بەتایبەتی دوای بێ توانایی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە دۆزینەوەی فۆرمولەی دادگاییکردنی دادپەروەرانە.

ئامادەکردن و داڕشتنەوە: ڕۆبن عومەر