فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان بۆردوومانی ناوچەیەکی گوندەواری لازقییە دەکات و قوربانی لێدەکەوێتەوە
دیمەشق– نۆرس پرێس
ئەمڕۆ هەینی، بە هۆی هەڵدانی دوو مووشەکەوە، لە لایەن فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانەوە، لە شاری قەرداحە لە گوندەواری لازقییە، کەسێک گیانیلەدەستدا و کەسێکی دیکەش بریندار بوو.
ئاژانسی “سانا”ی نزیک لە حکومەت لەزاری سەرچاوەیەکی ئەمنیەوە رایگەیاند کە یەکێک لەو دوو موشەکە بەر زەوییە کشتوکاڵییەکانی تەنیشت بنکەی تەندروستی قەرداحە کەوتووەتە خوارەوە، “بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی ئەندازیار محەمەد هانی سوڵتانە، تەمەن 25 ساڵ و برینداربوونی هاوڵاتییەکی دیکە بە برینی سووک و زیانگەیانی ماددی گەیاندن بە بینایەک”.
ئاماژەیان بەوەشکردووە، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە سەر بە “رێکخراوە تیرۆریستییەکان بووە لە گوندەواری باکووری لازقییە و ئەو ناوچەیە لەلایەن دەستەی تەحریرشام (بەرەی نوسرەی پێشوو) و گروپە توندڕەوەکانی دیکەوە کۆنترۆڵکراوە”.
دوێنێش، پێنجشەممە، منداڵێک و ژنێک گیانیان لەدەستدا و سێ کەسی دیکەش برینداربوون، “لە هێرشێکی تیرۆریستیدا کە لەلایەن رێکخراوە تیرۆریستییەکانەوە لە گوندەواری باکوور و باکووری رۆژئاوای ئیدلیب جێگیرکراون، لەڕێگەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانەوە کە دوو بۆمبیان بە گەڕەکەکانی نیشتەجێبووندا لە ناوچەی سەلحەب لە گوندەواری حەمات تەقاندەوە” بەگوتەی “سانا”.