پەنابەرانی سەرێکانێ دژ بە هێرشەکانی تورکیا رێپێوانێکیان ئەنجامدا

حەسەکە – نۆرس پرێس

دوێنێ پێنجشەممە، دەیان ئاوارەی سەرێکانێ لە رێپێوانێکدا چوونە دەرەوە بۆ شەرمەزارکردنی هێرشی درۆنەکانی تورکیا بۆ سەر ناوچەکانی رۆژئاڤا و باکووری سوریا، بەتایبەتی ئەو بەئامانجکردنەی ئەمدواییە، بووە هۆی گیانلەدەستدانی بەرپرسانی بەڕێوبەری خۆسەری و شۆفێرەکەیان و برینداربوونی بەرپرسێکی دیکەیان.

فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی تورکیا ئۆتۆمبێلێکی سەر بە بەرپرسانی بەڕێوبەری خۆسەری کردە ئامانج و لە ئەنجامدا هاوسەرۆکی ئەنجومەنی کانتۆنی قامیشلۆ، یوسرا دەروێش و جێگرەکەی لیمان شوێش و شۆفێرەکەیان فورات تۆما شەهیدبوون، هاوکات هاوسەرۆکی ئەنجومەنەکەش، کابی شەمعون، بریندار بوو، بەپێی راگەێنراوی بەڕێوبەری خۆسەری.

رێپێوانەکە پاشنیوەڕۆی دوێنێ لە کامپی سەرێکانێ لە رۆژهەڵاتی حەسەکە بە بەشداری ژنان و پیاوانی ئاوارەی سەرێکانێ، بەڕێوەچوو.

ئەندامێکی کۆمیتەی ئاوارەکانی سەرێکانێ، ئیبراهیم بەدران محەممەد، رایگەیاند، “لەگەڵ هەڤاڵانمان لە کۆنکرا ستار بەشداری ئەم رێپێوانەمان کرد بۆ سەرکۆنەکردن و شەرمەزارکردنی ئەو هێرشانەی ئەم دواییە کە بوونە هۆی شەهیدبوونی سێ ئەندامی بەڕێوبەری خۆسەری لە کانتۆنی قامشلۆ.

ناوبراو هیوای خۆی بۆ دەستێوەردانی وڵاتانی چالاک دەربڕی بۆ پشتیوانیکردنیان لە وەستاندنی ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەی کە بۆردومان و وێرانکاری لە ناوچەکانی بەڕێوبەری خۆسەر دەخەنەوە، “وەک خۆی دەڵێت”.

ئامادەکردنی: قەیس ئەلعەبدوڵڵا – داڕشتنەوەی: سەعد ئەلیازچی