لە سەرەتای 2023 تورکیا بە 34  درۆن هێرشی کردۆتە سەر رۆژئاوای کوردستان

ژووری هەواڵ – نۆرس پرێس

ئاژانسی میدیایی نۆرس پرێس، لە رێگەی بەشی بەڵگەکردن و دوکۆمنێتکردن، ژمارەی قوربانییەکانی هێرشەکانی تورکیا لە ریگەی دڕۆنەکانەوە بۆ سەر رۆژئاوایی کوردستان و باکوری رۆژهەڵاتی سوریا لە سەرەتایی ساڵای 2023ەوە بەڵگەکرد.

بەشی بەڵگەنامەکردن و دوکۆمنێتکردن لە راپۆرتێکدا رایگەیاندووە کە تورکیا بە 34 دڕۆنەوە ناوچە و شارەکانی باکووری رۆژهەڵاتی سوریای کردۆتە ئامانج و بەهۆیەوە 71 کەس بوونە قوربانی (44 کوژراو و 27 بریندار).

بەشی بەڵگەنامەکردن و دوکۆمنێتکردن رایگەیاندووە کە لە نێو قوربانیەکاندا، 28 ئەندامی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) و 17 کەس لە هێزەکانی حکومەتی سوریا و 22 کەسی مەدەنی بوون کە 6 ژن و دوو منداڵ، هەروها 4 سەربازی رووسیش بوونە قوربانی.

بەشی بەڵگەنامەکردن و دوکۆمنێتکردن دەلێت، بەم شێوەیە هێرشەکان بە سەر  شارێکی باکووری رۆژهەڵاتی سوریا دابەشکراون، 13 شوێن لە گوندەواری باکووری حەلەب، چوار شوێن لە حەسەکە، یەکێک لە رەقە و شەش شوێن لە قامیشلۆ و یەک لە دێریک کراونەتە ئامانج.

سەبارەت بە هێرشەکانی بۆ سەر کۆبانێ وناوچەکانی دیکە بەم شێوە بووە، 4 شوێنی کۆبانێ و 4 شوێنی دیکە لە مەنبەج و یەک هێرش لە عەین عیسا ئەنجامدراون.

هەروەها بەشی بەڵگەنامەکردن و دوکۆمنێتکردن، ژمارەی هێرشەکانی تورکیا لە شەش مانگی ئەم ساڵ بەڵگەکردووە، کە هێرشەکان بەم شێوە بوون:

 لە مانگی کانوونی دووەمدا، تورکیا لە رێگەی 9 دڕۆنەوە هێرشیکردووە.

 لە مانگی شوباتدا، سێ هێرش کراوەتە سەر رۆژئاوایی کوردستان.

لە مانگی نیساندا، دوو هێرش ئەنجامدراون.

لە مانگی ئایاردا تورکیا پێنج هێرشی بۆ سەر رۆژئاوا ئەنجامداوە.

زۆرترین هێرشی درۆنەکانی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوایی کوردستان لە مانگی حوزیراندا بووە، تاوەکو بەرواری ئەمرۆ (22-6-2023)  15 هێرش ئەنجامدراون.