عێراق دەستگیرکردنی 15 ئەندامی داعش لە چەند ناوچەیەک راگەیاند
هەولێر – نۆرس پرێس
ئەمرۆ پێنجشەممە، 22ی حوزەیرانی 2023، هێزە عێراقییەکان لە پارێزگاکانی ئەنبار، سەڵاحەدین و نەینەوا، 15 ئەندامی رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)یان دەستگیرکرد.
لە راگەیەندراوێکی بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگری سەربازی، کە ئاژانسی هەواڵی عێراقی بڵاویکردۆتەوە، ئاماژەی بەوەکردووە، “بەگوێرەی زانیارییە هەواڵگرییە وردەکان کە لەلایەن ژمارەیەک فیرقەی سەر بە خۆیەوە دراوە، هەروەها بە هاوکاری هێزە ئەمنییەکان بۆسەی توند دانرا لە قەزای ئەلبەعاج و ناوچەی ئەلڕەشاد و ئەلبەیسە و ناوچەی شەهید سەبهان و جەباب”.
ئاماژەی بەوەشکرد، لەئەنجامی ئۆپەراسیۆنەکەدا 15 ئەندامی داعشی داواکراو لەلایەن دەسەڵاتی دادوەرییەوە بەگوێرەی بڕگەکانی ماددەی 4ی تیرۆر لە قەزاکانی رەبیعە، کەرما، ئەلقائیم، ئەلشەرقات و موسڵ دەستگیرکران.
بەڕێوەبەرایەتیەکە ئاماژەی بەوەدا کە دەستگیراوەکان رادەستی لایەنی داواکار کراون، بۆ ئەوەی بەپێی یاسا دادگایی بکرێن.