گیانلەدەستدانی زیاتر لە 30 کەس بەهۆی تەقینەوەیەکەوە لە چین
دیمەشق – نۆرس پرێس
بەگوێرەی میدیاکانی دەوڵەتی چین، لە سەروبەندی فێستیڤاڵێکی فۆلکلۆردا تەقینەوەیەک لە شاری “یینچوان” لە باکووری رۆژئاوای چین روویدا و بەهۆیەوە 31 کەس گیانیان لەدەستدا.
تەقینەوەکە لە کاتژمێرەکانی ئێوارەی دوێنێ لە چێشتخانەیەکی خواردنەبرژاوەکاندا لە ناوچەیەکی نیشتەجێبوون لە ناوەندی شاری “یینچوان”ی پایتەختی هەرێمی سەربەخۆی نینگشیا روویداوە.
ئاژانسی هەواڵی چین (شینهوا) رایگەیاند، دزەکردنی گازی نەوتی شل بووەتە هۆی تەقینەوە لە کاتی کارپێکردنیدا لە چێشتخانەیەکی خواردنەبرژاوەکاندا.
لانیکەم 31 کەس گیانیان لەدەستدا و ئامارەکان هێشتا سەرەتایین، بەو پێیەی حەوت کەس بۆ چارەسەرکردن گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەکان، یەکێکیان لە “دۆخێکی ناجێگیردایە” و دوو کەسی دیکەش سووتانی توندیان هەیە.
ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی کە لەلایەن ئاژانسی پەخشی دەوڵەتی “سی سی”ەوە پەخشکراون، دەریدەخەن کە ئاگرکوژێنەوەکان لە شوێنەکەدا کاردەکەن، لەکاتێکدا دوکەڵ لە کونێکەوە لە پێشەوەی چێشتخانەکەدا دەهاتە دەرەوە.
پارچە شووشە و پاشماوەی دیکە شەقامەکەیان پڕکردبوو، کە ناوچەکە شوێنێکی بەناوبانگە بۆ ژمارەیەک چێشتخانە و شوێنی تری کات بەسەربردن.
وەزارەتی کارگێڕی و فریاگوزاری چین رایگەیاند، لە دوای تەقینەوەکە، خزمەتگوزاری ئاگرکوژێنەوە و فریاگوزاری ناوخۆیی زیاتر لە 100 کەس و 20 ئۆتۆمبێلیان رەوانەی شوێنی رووداوەکە کردووە.
هەوڵەکانی رزگارکردن بەردەوامبوون تا کاتژمێر 4ی بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە.
تەقینەوەکە لە سەروبەندی فێستیڤاڵی بەلەمی ئەژدیهایە (جەژنێکی بەناوبانگی چینی)دا هات، کە سێ رۆژ دەخایەنێت. ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: هۆزان زوبەیر