بەهۆی تەقینەوەکەی پاریس 24 کەس برینداربوون

هەولێر – نۆرس پرێس

ئەمرۆ چوارشەممە، 21ی حوزەیرانی 2023، تەقینەوەیەکی گەورە لە پاریس بووە هۆی ئاگرکەوتنەوەیەکی بەهێز و دوو باڵەخانە بەهۆی تەقینەوەکەوە داڕمان.

بەگوێرەی زانیارییەکانی پۆلیس، بەهۆی تەقینەوەکە 24 کەس برینداربوون کە 4 کەسیان بە برینەکەیان سەختە و هاوکات دوو باڵەخانەش رووخاون.

 داواکاری گشتی فەرەنسا رایگەیاند کە کارمەندانی فریاگوزاری بەدوای دوو کەسدا دەگەڕێن کە دوای تەقینەوەکە بێسەروشوێن بوون.

بە گوتەی شایەتحاڵان پێش تەقینەوەکە بۆنێکی بەهێزی غاز هەبووە.

 پۆلیسی پاریس رایگەیاندووە کە “تەقینەوەی غاز” لە قەزای پێنجەمی پایتەخت روویداوە، لەکاتێکدا داواکاری گشتی پاریس گوتی “هیچ شتێک توانای ئەوەمان پێنادات هۆکارەکانی تەقینەوەکە لەم قۆناغەدا دیاری بکەین”.

جیراڵد دارمانین، وەزیری ناوخۆی فەرەنسا لە تویتێکدا رایگەیاند: “لە شەقامی سانت جاک لە ناوچەی پێنجەمی پاریس ئاگر کەوتۆتەوە، ئاگرکوژێنەوەکانی پاریس سەرقاڵی کوژاندنەوەن. تکایە رێگری لە دەستێوەردانەکانیان مەکەن و خۆتان

 لە ناوچەکە بەدوور بگرن”.

سەرچاوە فەرەنسییەکان ئاشکرایان کردووە کە تیمەکانی فریاگوزاری دەستوەردانیان کردووە بۆ گەڕان بەدوای ئەو کەسانەی لەناو بینا زیانلێکەوتووەکەدا گیریان خواردووە.