عێراق بۆ یەکەمجار توانی ببێتە خاوەنی نازناوی جامی رۆژئاوای ئاسیا

هەولێر – نۆرس پرێس

بە ئامادەبوونی هەزار هاندەر لە بەغدای پایتەختی عێراق، هەڵبژاردەی عێراق بۆ یەکەمجار لەمێژووی بەشداریکردنی لە جامی رۆژئاوای ئاسیا، نازناوەکەی بەدەستهێنا و توانی شکست بە هەڵبژاردەی ئێران بهێنێت.

بە بەشداری بڵند حەسەن و هەڵۆ فایەق، کە دوو یاریزانی کوردن، هەڵبژاردەی ئۆڵیمپیی عێراق توانی ببێتە خاوەنی نازناوی جامی رۆژئاوای ئاسیا بۆ خوار تەمەن 23 ساڵان.

45 خولەکەی سەرەتا، عێراقییەکان بەرەو هێڵی هێرشبردن و تۆمارکردنی گۆڵ دەستیان بە یاریکرد، بەڵام لە خولەکی 31 یەکێک لە یاریزانەکانی هەڵبژاردەی ئێران، حوسێن گودەرزی توانی گۆڵی یەکەم بۆ هەڵبژاردەکەی تۆماربکات.

عێراقییەکان ئەنجامەکەیان پێ پەسەند نەکرا و پێش ئەوەی گێمی یەکەم بەکۆتا بێت، لە خولەکی 48، حوسێن لاوەندی ئەنجامەکەی بۆ عێراق یەکسانکردەوە و یارییەکەی گەڕاندەوە خاڵی سەرەتا، گێمی یەکەم بە یەکسانبوون بە گۆڵێک بۆ هەرلایەک کۆتاییهات.

لە 45 خولەکی کۆتایی فشارەکان وەک سەرەتای رکابەرییەکە نەماوە و ئاستییان بەرەو لاوازی دەچوو، یاریزانانی هەردوولا زۆر هەوڵیاندا گۆڵی زیاتر تۆماربکەن، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون و یارییەکە تاوەکو تەواوبوونی کاتی ئاسایی یارییەکە بەیەکسانبوون کۆتاییهات و هەردوو هەڵبژاردە روویانکردە لێدانەکانی یەکلاکەرەوە و ئێران لێدانێکی لەدەستدا و یاریزانانی عێراق هەموو لێدانەکانیان بەسەرکەوتوویی جێبەجێکرد. بەم ئەنجامە،  بە 5-4 عێراق یارییەکەیانی لە بەرژەوەندی خۆیان بردەوە و بوونە خاوەنی نازناوی جامی رۆژئاوای ئاسیای بۆ هەڵبژاردەکانی ئۆڵیمپی.