هەولێر – نۆرس پرێس
میدیاکان وردەکاری گرێبەستی لیۆنێل مێسی ئەستێرەی ئەرجەنتینییان لەگەڵ ئینتەر میامی ئاشکرا کرد.
دوای راگەیاندنی رۆیشتنی لە پاریس سانجێرمان، “لیۆ” رایگەیاند، بریاریداوە روو لە تیپەکە بکات کە خاوەندارێتی ئەفسانەی تۆپی پێی ئینگلیزی دەیڤید بێکهام دەکات، ئەو “ئۆفەرە زەبەلاحە”ی رەتکردەوە کە لەلایەن هیلالی سعودییەوە پێشکەشی کرابوو.
بەگوێرەی ماڵپەری “سپۆرتیکۆ” کە تایبەتە بە کاروباری وەرزشی و ئابووری، مێسی رازی بووە بە گرێبەستێکی دوو ساڵ و نیو لەگەڵ ئینتەر میامی، بە بری 150 ملیۆن دۆلار.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەم کۆی بەها داراییە مووچەی لیۆ و پاداشتی گرێبەستکردن و پشکێکی خاوەندارێتی لە یانەکەدا لە کاتی وازهێنانیدا لەخۆدەگرێت.
ئەمەش بەو مانایەیە کە ئەستێرە ئەرجەنتینییەکە ساڵانە لانیکەم 50 ملیۆن دۆلار لەگەڵ یانە نوێیەکەیدا داهاتی دەبێت.
“سپۆرتیکۆ” ئاماژەی بەوەدا کە پێشبینی دەکرێت مێسی داهاتی دیکەش وەربگرێت کە جێگەی سەرنجی سپۆنسەرەکانە، بەتایبەتی کۆمپانیاکانی ئەدیداس و ئەپڵ و فاناتیکس.
پێشتر رۆژنامەی “مارکا”ی ئیسپانی رایگەیاندبوو، مێسی دەبێت لانیکەم تا پێنجی مانگی تەمموزی داهاتوو چاوەرێ بکات بۆ ئەوەی بە فەرمی روو لە ئینتەر میامی بکات، کە رۆژی کردنەوەی دەرگای گواستنەوەی هاوینەیە لە ئەمریکا.
ئاماژەی بەوەشکرد، رەنگە یەکەم دەرکەوتنی بە درێسی تیپە نوێیەکەیەوە لە 21ی تەمموز بێت.
هێرشبەرە ئەرجەنتینییەکە (تەمەن 35 ساڵ) دوو وەرزی کۆتایی لە یانەی سانجێرمانی فەرەنسی بەسەر بردووە، دوای ئەوەی لە ساڵی 2021 لە یانەی بەرشەلۆنەوە گواسترایەوە، کە زۆربەی ژیانی تۆپی پێی درێسەکەی هەڵگرتبوو.