بە بۆنەی رۆژی جیهانی پەنابەران.. ئاهەنگگێڕانی پەنابەرانی سوریا لە کەمپی قوشتەپە
هەولێر – نۆرس پرێس
ئاوارەکانی سوریا لە کەمپی قوشتەپە، لە شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان، ئەمرۆ سێشەممە، کە 20ی حوزەیرانە و رۆژی جیهانی پەنابەرانە ئاهەنگیان گێڕا.
نەتەوە یەکگرتووەکان رۆژی 20ی حوزەیرانی هەموو ساڵێکی وەک رۆژێک دیاری کردووە بۆ ئاهەنگگێڕان بۆ پەنابەرە جیهانییەکان، وەک رێزێک بۆ پەنابەران لە سەرانسەری جیهان، هەروەها جەخت لەسەر پێویستی رێزگرتن لەو پەنابەرانی هەر وڵاتێک دەکاتەوە.
لە ئاهەنگەکەدا کۆمەڵێک ژن و پیاوی گەنجی سوری بەشداربوون، کە تابلۆ هونەرە جوانەکانیان نمایشکرد، بۆ بەرجەستەکردنی ئازار و مەینەتییەکانی گەشتی پەنابەرانن.
لە مەراسیمەکەدا چەندین نمایشی هونەری جۆراوجۆر بەرێوەچوو، لەوانە هەڵپەڕکێی فۆلکلۆر و گۆرانی فۆلکلۆری کوردی، جگە لە خوێندنەوەی شیعر، هەروەها پێشکەشکردنی کۆمەڵێک چیرۆکی سەرکەوتنی پەنابەرانی سوریا.
رۆزە فەوار، ڕێکخەری ئاهەنگەکە بە نۆرس پرێسی راگەیاند: “ئاهەنگ گێڕان بەبۆنەی رۆژی پەنابەران بۆ ئێمە گرنگە، چونکە ئێمە پەنابەرین لە هەرێمی کوردستان، ئێمە بە هۆکاری جیاجیا ناچار بووین وڵاتەکەمان بەجێبهێڵین، لەوانە شەڕ و بوومەلەرزە و چەندانی تر، بەڵام ئێمە هێزی خۆمان سەلماند، و توانیمان چەندین چیرۆکی سەرکەوتن دروست بکەین لە ماوەی گەشتە پەنابەرییەکانماندا”.
بە بۆنەی رۆژی جیهانی پەنابەران، رۆزە هیوای خواست هەموو پەنابەرێک لەسەر هەر خاکێک “بە بەهێزی بمێنێتەوە، تاوەکو ئاشتی بەسەر وڵاتەکەماندا زاڵ دەبێت و دەگەڕێینەوە”.
ئەو ژنە گەنجە سورییە ناوی شیندا حاج حسێن، بەشداریی لە چالاکیی وێنەکێشان لەسەر رووخساری منداڵان کردووە، بە نۆرس پرێسی گوتووە: بە بۆنەی رۆژی جیهانی پەنابەران، بەشداریم لە چالاکیی وێنەکێشان لەسەر رووخساری منداڵان کردووە، ئەو وێنەکێشانانەی کە ئاماژەن خۆشەویستی، برایەتی، ئاشتی و سەلامەتی، و هیوادارم چاکە و سەقامگیری زاڵ بێت بۆ هەموو پەنابەرێک لە هەموو وڵاتانی جیهاندا.”
لە بەرامبەردا هونەرمەندێک بەناوی لیدیا لوقمان بەشداری کۆمەڵێک تابلۆی کرد، کە لە سەنتەری عوسمان سەبری، لەناو کەمپی قوشتەپە نمایشکران.
لوقمان بە نۆرس پرێسی گوت: “بەشداریم لە کۆمەڵێک تابلۆ کرد کە ئاماژەیان لە ئازارەکانی پەنابەران و داوای ئاشتی و سەقامگیری دەکەن، زۆر خۆشحاڵم بە بەشداریکردنم لەم ئاهەنگەدا کە رێز لە پەنابەران دەگرێت و داوای ڕێز و پشتیوانیان دەکات”.