گیانلەدەستدانی کارمەندێکی بەڕێوبەری خۆسەری بە فیشەکی چەکدارانی نەناسراو لە دێرەزوور
دێرەزوور– نۆرس پرێس
ئەمڕۆ سێشەممە، کارمەندێکی بەڕێوبەری خۆسەری گیانیلەدەستدا، کاتێک چەند چەکدارێکی نەناسراو لە شارۆچکەی ئەلدەحلە لە دێرەزوور لە رۆژهەڵاتی سوریا درایە بەر دەستڕێژی فیشەک.
عەلی ئەلئەحمەد، خەڵکی شارۆچکەی دەحلەی رۆژهەڵاتی دێرەزۆر بە نۆرس پرێسی رایگەیاند، چەند چەکدارێکی نەناسراو بە ماتۆڕسکیلەوە تەقەیان لە گەنجەکە کردووە، کە ناوی “تورکی ئەلهەبالی”ە و کارمەندە لە کۆمەڵگەی پەروەردەیی ئەنجوومەنی مەدەنی دێرەزوور لە رۆژئاوای کوردستان، رووداوەکە لەسەر رێگای سەرەکی شارۆچکەی دەحلە لە گوندەواری رۆژهەڵاتی دێرەزوور روویدا.
شایەتحاڵەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، “ئەلهبالی” راستەوخۆ دوای دەستڕێژەکە گیانیلەدەستداوە، کە بە رێگاوە بووە بۆ سەر کارەکەی.
دوێنێش دووشەممە، “ئەمین ئەلجبر” لە شارۆچکەی “موعیزیلە” لە گوندەواری باکووری دێرەزوور لەلایەن چەند چەکدارێکی نەناسراوەوە تەقەی لێکرا و گیانیلەدەستدا.
دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) چەندین جار کارمەندانی ئەنجومەنی مەدەنی دێرەزوور و کەسایەتییەکانی دیاری ناوچەکەی کردوەتە ئامانج، ئەمەش لەکاتێکدایە کە داواکاری خێڵەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخی ئەمنی و بەدواداچوون بۆ شانەکانی رێکخراوەکە لە ناوچەکەدا بەردەوامە.