ئەپڵ ئامادەکاری دەکات بۆ ناساندنی تایبەتمەندییەکی نوێ کە ئامانجی تەندروستی بەکارهێنەرەکانییەتی
هەولێر – نۆرس پرێس
کۆمپانیای ئەپڵی ئەمریکی ئامادەکاری دەکات بۆ خستنەبازاڕی تایبەتمەندییەکی نوێ ئامانجی ئەم جارەی کۆمپانیاکە پاراستنی چاوی بەکارهێنەرەکانییەتی، لە کاتێکدا توێژینەوەکان دەریدەخەن بەسەربردنی کاتێکی زۆر لەبەردەم شاشەکاندا مەترسی تووشبوون بە کورتبینی زیاد دەکات.
ڕۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی رایگەیاند کە ئەپڵ ئامرازێکی نوێ لە نوێکردنەوەی داهاتووی “iOS 17” بۆ مۆبایلەکانی “iPhone” دەخاتە بازاڕەوە.
ئامرازەکە ناوی Screen Distance ـە، ئەگەر مۆبایلەکە زۆر لە رووخسارییەوە نزیک بێتەوە، بە تایبەتی چاوەکانی، بەکارهێنەر ئاگادار دەکاتەوە.
ئەم تایبەتمەندییە نوێیە بۆ یەکەمجار لە ئیڤێنتەکەی ئەپڵ WWDC 2023 راگەیەندرا کە لە شاری کوپەرتینۆ لە ویلایەتی کالیفۆرنیا بەڕێوەچوو.
کۆمپانیای ئەپڵ رایگەیاندووە: “زیادکردنی مەودای نێوان چاوەکان و ئامێرەکە دەتوانێت یارمەتی منداڵان بدات کە مەترسییەکانی کورتبینی کەم بکەنەوە، هەروەها دەرفەتێک دەدات بە بەکارهێنەرانی گەورەساڵ بۆ کەمکردنەوەی فشاری چاوەکان”.
ئاماژەی بەوەشکردووە، “Screen Time کامێرای TrueDepth بەکاردەهێنێت بۆ هاندانی بەکارهێنەران بۆ دوورخستنەوەی ئامێرەکانیان لە چاوەکانیان، بۆ مەودای زیاتر لە 12 ئینج (نزیکەی 30 سانتیمەتر)”.
جێگای سەرنجە کە پێشبینی دەکرێت لە مانگی ئەیلولی داهاتوودا نوێکردنەوەی “iOS 17” بخرێتە بازاڕەوە.