بلینکن ئەنجامی سەردانەکەی بۆ چین ئاشکراکرد
دیمەشق – نۆرس پرێس
شی جین پینگ، سەرۆکی چین لە دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، پەیوەندییەکانی نێوان پەکین و واشنتۆن بەرەوپێشچوونێکی باشیان بەخۆیەوە بینیووە، بلینکنیش رایگەیاند کە لەگەڵ سەرکردایەتی چین هاورایە سەبارەت بە پێویستی “سەقامگیری پەیوەندییەکان “.
ئەنتۆنی بلینکن، لە چوراچێوەی سەردانەکەی بۆ پەکین ئەمرۆ لەگەڵ شی جین پینگ سەرۆکی چین کۆبۆوە، هەروەها دوێنێ لەگەڵ ژمارەیەک لە بەرپرسانی ئەو وڵاتە کۆبوونەوە.
بلینکن دوای دوو رۆژ لە گفتوگۆکردن بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند: لە هەموو کۆبوونەوەیەکدا جەختم لەوە کردوە کە بەشداریکردنی راستەوخۆ و پەیوەندی بەردەوام لەسەر ئاستە باڵاکان باشترین ڕێگایە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان هەروەها بۆ دڵنیابوون لەوەی رکابەری نێوان واشنتۆن و پەکین نەگۆڕێت بۆ ململانێ.
ئاماژەی بەوەشکردووە، هەمان شتم لە هاوتا چینییەکانم بیستووە، هەردووکمان لەسەر پێویستی سەقامگیری لە پەیوەندییەکەماندا هاوڕاین.
هاوکات بە گوێرەی ئاژانسی هەواڵی چینی، شی چین پینک رایگەیاندووە، کە سەردانەکەی بلینکن بووەتە هۆکاری بەرەوپێشچوونی پەیوەندییەکانی ئەمریکا و چین.
لە کۆبوونەوەکانی بەرپرسانی چین لەگەڵ بلینکن، ئاماژەیان بە پرسی تایوانیش کردووە وەک پرسێکی سەرەکی ناکۆکییەکان، بەو پێیەی پەکین پێی وایە دوورگەی تایوان کە چەک لە واشنتۆن دەکڕێت، بەشێکی دانەبڕاوە لە خاکی چین و ئەگەر هەیە هێز بەکاربهینێت لە دژی تایوان.
سەرەڕای ئەمەش، سەرۆکی چین پێشهاتەکانی دوای سەردانەکەی بلینکن بە “زۆر ئەرێنی” وەسف کرد.
بلینکن سیاسەتی ئەمریکای سەبارەت بە چین دووپاتکردەوە کە یەک چینی یەکگرتوو هەیە، واتە تەنها یەک حکومەتی چین هەیە.
بەڵام هۆشداری دا لە بەردەوامی “کردەوە وروژێنەرەکانی” چین لە گەرووی تایوان، کە لە ساڵی 2016 درێژەیان هەیە.
بلینکن رەخنەکانی چینی ڕەتکردەوە کە باسی ئەوە دەکەن کە ئەمریکا بەدوای کۆنتڕۆڵکردنی چیندایە لە ڕووی ئابوورییەوە.
بەڵام بلینکن وتی ئەمریکا “ڕوون بووە سەبارەت بەو ئاڵنگاریانە” کە چین دروستدەکات.
بڕیارە لە دوای گەشتەکەی بلینکن، سەردانی بەرپرسانی باڵای دیکەی ئەمریکا بۆ چین و بەرپرسانی چینیش بۆ ئەمریکا لە چەند هەفتەی داهاتوودا ئەنجام بدرێت.