وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئاشکراکرا

هەولێر – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ دووشەممە، خالد عەباس، بەڕێوەبەری نوسینگەی دهۆکی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە دەنگی ئەمریکای راگەیاند، کە بڕیارە کۆمسیۆن له مانگی 12ی ئەمساڵدا سەرپەرشتی هەڵبژاردنی پارێزگاکان بکات، بەڵام ئەو کاتەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دیاریکردوە زۆر نزیکە و رەنگە کۆمسیۆن بڕیاربدات ئەو هەڵبژاردنانە لە بەهاری ساڵی 2024 ئەنجامبدرێن.

راشیگەیاند، کە دوای بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی لە 11ی مانگی شەشی 2023 سەبارەت نادەستورییبونی بڕیارەکانی پەرلەمانی کوردستان، بڕیاردرا کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق، هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان ئەنجامبدات و سەرپەرشتی بکات.

گوتیشی: ” کۆمسیۆن گەیشتە ئەو ئەنجامەی ئەگەر هەڵبژاردنی پارێزگاکانی عێراق دوابخرێت، ئەوا کۆمسیۆن دەتوانێت هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان رێکبخات، ئەگەر نا ئەوا کۆمسیۆن وادەیەک پێشنیاز دەکات لە مانگی چوار یان پێنجی ساڵی داهاتوو، دەبێت لەسەری رێکبکەون و پاشان داهاتوودا کۆمسیۆن ئامادەکارییەکان دەکات”.

هاوکات راشیگەیاند، کە “دواخستنی هەڵبژاردنی پارێزگاکانی عێراق کارێکی قورس دەبێت، “چونکە یەکەمجارە بڕیار بدرێت ئەو هەڵبژاردنە پێش 20ی مانگی 12ی ئەمساڵ ئەنجام بدرێت”.