گەورە بەرپرسێکی ئەوروپا: سیاسەتمان بەرامبەر دیمەشق نەگۆڕاوە
هەولێر – نۆرس پرێس
بەرپرسی سیاسەتەکانی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا، جۆزێپ بۆرێل، ئەمرۆ یەکشەممە رایگەیاند کە سیاسەتی یەکێتیی ئەوروپا بەرامبەر بە دیمەشق نەگۆڕاوە، سەبارەت بە کۆنفرانسی برۆکسل گوتی، ئەنجامی باش و دڵخۆشکەر بۆ پشتیوانی لە گەلی سوریا هەیە.
جۆزێپ بۆرێل، کە هاوکات جێگری سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپایە، دەلێت، بەشداریی حەوتەمین کۆنفرانسی برۆکسل کردووە سەبارەت بە داهاتووی سوریا و “مژدەیەکی خۆش”ی تێدا بینیووە، کە ئەویش ئەوەیە لایەنە بەشداربووەکان بەڵێنان داوە 9 ملیار و 600 ملیۆن دۆلار پێشکەشی گەلی سوریا بکەن، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە جیهان خەڵکی سوریای لەبیر نەکردووە.
لەگەڵ ئەوەشدا ئاماژەی بە “هەواڵی ناخۆش”یش کرد، کە بریتییە لە “دۆخی خراپی گەلی سوریا بەردەوامە، هیچ نیشانەیەکی پێشکەوتنیش نییە بەرەو چارەسەری سیاسی”.
بۆرێل گوتی: “سەرەڕای ئەمەش: ئێمە وازناهێنین و بەردەوام دەبین لە پشتیوانیکردنمان بۆ پەنابەرانی سوریا و وڵاتانی دراوسێی سوریا و هەوڵەکانی ئاشتی نەتەوە یەکگرتووەکان.”
رۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممەی رابردوو، حەوتەمین کۆنفرانسی پشتیوانی لە سوریا لە پایتەختی بەلجیکا بە بەشداری وەزیرانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا و وڵاتانی دیکەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەوانە ئوردن و عێراق بەرێوەچوو.
هیچ ئاساییکردنەوەیەک لەگەڵ دیمەشقدا نییە
بەرپرسی سیاسەتەکانی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا گوتی: “ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ رژێمی سوریا بەبێ بەدیهێنانی پێشکەوتنی بەرجەستە لە جێبەجێکردنی بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایش نێودەوڵەتی 2254، بژاردەیەک نییە بۆ یەکێتیی ئەورووپا، راشیگەیاند بەردەوام دەبین لە کارکردن لە نزیکەوە لەگەڵ هاوبەشە عەرەبی و نێودەوڵەتییەکانمان بۆ بەدیهێنانی ئامانجە هاوبەشەکانمان”.
بۆرێل ئاشکرایکرد کە کۆتایی ئەم هەفتەیە لە قاهیرە لەگەڵ سەرکردایەتی میسر و کۆمکاری عەرەبی گفتوگۆ دەکات سەبارەت بە چۆنیەتی کارکردنی پێکەوەیی سەبارەت بە سوریا.
بە گوتەی بورێل، مڵملانە 12 ساڵەکەی سوریا، هەروەها بوومەلەرزەکەی مانگی شوبات “دۆخێکی کارەساتبار”ی لە سوریا دروستکردووە.
ئەو بەرپرسە باڵای ئەوروپی ئاشکرایکرد کە دڵنیایی لە سەرکردە عەرەبییەکان وەرگرتووە، سەبارەت بە ئامانجی هاوبەشیان بۆ جەختکردنەوە لەسەر چارەسەری بەپێی بڕیاری ژمارە 2265ی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەولەتی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان.
بۆرێل خواستی خۆی دەربڕی بۆ کارکردن لەگەڵ گروپی دەستپێشخەری عەمان سەبارەت بە سوریا، لە رێگەی زیادکردنی فشارەکانی یەکێتی ئەوروپا و وڵاتانی دیکە بۆ ئەوەی بگەنە ئامانجە هاوبەشەکانیان لە سوریا.
بەڵام جەختی لەوە کردەوە کە ئاساییکردنی پەیوەندیەکان لەگەڵ “رژێمی سوریا” لە پلانی ئێستای یەکێتی ئەوروپادا نییە.
مەرجەکانی گەڕانەوەی “بەدی نەهاتووە”
سەبارەت بە ئاوەدانکردنەوە و گەڕانەوەی پەنابەران، بۆرێل ئاماژەی بەوەدا کە یەکێتی ئەوروپا کاتێک ئامادە دەبێت بۆ هاوکاریکردن لە ئاوەدانکردنەوەی سوریادا کە پرۆسەیەکی گواستنەوەی سیاسی گشتگیر و باوەڕپێکراو رووبدات.
ئەمەش ئەوەیە کە لە وتارەکەیدا لە کۆنفرانسی برۆکسلدا جەختی لەسەر کردەوە کاتێک گوتی: “مەرجەکانی گەڕانەوەی پەنابەرانی سوریا “لە ئێستادا جێبەجێ نەکراوە”.
گوتیشی، “ئێمە پشتگیری لە گەڕانەوەی رێکخراو بۆ سوریا ناکەین مەگەر گەرەنتی باوەڕپێکراو هەبێت کە ئەم گەڕانەوەیە خۆبەخشانە دەبێت و لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە چاودێری بکرێت”.
بۆرێل ئاماژەی بەوەشکرد، پرسی دووبارە گەراندنەوەی ئاوارە و پەنابەران وروژاندووە و دڵنیا بووە لەوەی کە پەنابەران بە زۆر ناگەڕێنرێنەوە بۆ سوریا تاوەکو مەرجەکانی سەلامەتی جێبەجێ نەکرێن.
“یارمەتییە مرۆییەکان کاریگەری سزاکانیان لەسەر نییە”
سەبارەت بە کاریگەری سزاکانی یەکێتیی ئەوروپا لەسەر هاوکارییە مرۆییەکان بۆ سوریا بۆرێل گوتی، رژێمی سوریا تاوەکو ئێستا هیچ هۆکارێکی نەخستۆتەڕوو بۆ هەڵگرتنی سزاکانی یەکێتی ئەوروپا کە لە ساڵی 2011ەوە سەپێنراون، گرنگە لەبیرمان بێت کە سزاکانی یەکێتی ئەوروپا رێگری لە هاوکارییە مرۆییەکانی زۆر پێویست ناکات. “
جەختی لەوە کردەوە کە سزاکانی یەکیتی ئەورۆپا سەرجەم بابەتەکانی خۆراک، دەرمان و کەرەستەی پزیشکی ناگرێتەوە.
ئەو بەرپرسە ئەوروپییە جەختی لەوە کردەوە کە بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیکردنی نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان گەیر پیدەرسن لە هەوڵەکانیدا بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی سیاسی لە سوریا.