سودان.. ئاگربەست لە نێوان دوو جەنەڕاڵە نوێکەدا دەکەوێتە واری جێبەجێکردنەوە

دیمەشق – نۆرس پرێس

هەردوو لایەنی شەڕی چەکداری لە سودان رێککەوتن لەسەر ئاگربەستێکی نوێی 72 کاتژمێری، کە ئەمڕۆ یەکشەممە دەکەوێتە واری جێبەجێکردنەوە، دوای زنجیرەیەک ئاگربەستی سەرنەکەوتوو، کە بوونە هۆی زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانی لە خەرتوم و ئاوارەبوونی بەکۆمەڵی  لە زۆرێک لە شارەکانی ئەو وڵاتە.

رێککەوتن لەسەر چەند ئاگربەستێک کرا، لەوانە ئاگربەستێک کە لەلایەن سعودیە و ئەمریکاوە پەسەندکرا، لە کۆتایی مانگی ئایاردا واشنتۆنیش هەڕەشەی سزادانی بەسەر هەر لایەنێک کرد کە پێشێلی بکات.

ئاگربەستی 24 کاتژمێری لە 10ی حوزەیران تا 11ی حوزەیران بۆ دانیشتوانی خەرتوم پشوویەکی کورت بوو لە هێرشە ئاسمانییەکان و ئاڵوگۆڕی تۆپخانەکان کە تەواوی گەڕەکەکانی پایتەختی وێران کرد.

  بەڵام لە پاش نیو سەعات لە دوای کۆتایی هاتنی ئاگربەستەکە جەنگ دەستی پێکردەوە.

درەنگانی شەوی شەممە لە راگەێنراوێکدا کە وەزارەتی دەرەوەی سعودیە بڵاویکردەوە، رایانگەیاند: شانشینی  سعودییە و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رێککەوتنی نوێنەرانی هێزە چەکدارەکانی سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا بۆ راگرتنی ئاگربەست لە سەرتاسەری سودان بۆ ماوەی 72 کاتژمێر راگەیاند.

ناوبژیوانان رایانگەیاندووە، ئاگربەستەکە لە کاتژمێر 6ی بەیانی بە کاتی ناوخۆ دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

بەگوێرەی راگەێنراوەکە، هەردوولا رێککەوتوون لە ماوەی ئاگربەستدا دوورکەونەوە لە جموجۆڵ و هێرش و بەکارهێنانی فڕۆکەی جەنگی یان فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، تۆپباران و بەهێزکردنی پێگەکان، دووبارە دابینکردنەوەی هێزەکان، یان خۆبەدوورگرتن لە هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوتی سەربازی.

هەروەها رێککەوتن لەسەر رێگەدان بە ئازادی هاتوچۆ و گەیاندنی هاوکاری مرۆیی لە سەرتاسەری سودان.

ململانێ سەربازییەکە بۆ یەکەمجار لە 15ی نیساندا سەریهەڵدا، لە نێوان سوپا بە سەرۆکایەتی عەبدولفەتاح ئەلبورهان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا کە جێگری پێشووی محەمەد حەمدان دەگەڵۆ سەرۆکایەتی دەکرد، دوای ئەوەی لە ململانێی دەسەڵاتدا ناکۆکی لەنێوانیاندا دروستبوو.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: هۆزان زوبەیر