دوای مێسی.. ئینتەر میامی نزیکدەبێتەوە لە گرێبەستێکی دیکەی گەورە

هەولێر – نۆرس پرێس

رۆژنامەی “مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ”ی ئیسپانی رایگەیاند، ئینتەر میامی کە دەیڤد بێکهامی ئینگلیزی خاوەندارێتی دەکات ، نزیکە لە گواستنەوەی جۆردی ئەلبا، یاریزانی پێشووی یانەی بەرشەلۆنە بۆ ریزی یانەکەی، لە گرێبەستێکی گواستنەوەی ئازاددا.

ئەلبا لەگەڵ بەرشەلۆنە گەیشتە رێکەوتن بۆ هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی و وابڕیارە ئەم هاوینە جێی بهێڵێت.

رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، بەرپرسی کارەکانی “ئەلبا” نزیکبوونەتەوە لە رێککەوتن لەسەر مەرجە تایبەتییەکانی ئەو یاریزانە لەگەڵ یانە ئەمریکییەکە، سەرەڕای ئەوەی داواکاری بەرچاوی ئەوروپییان پێگەیشتووە، بەتایبەتی لەلایەن ئینتەرمیلان و ئەتلەتیکۆ مەدریدەوە، ئەمە جگە لەوەی ئۆفەرێکی گەورەی سعودیش لە ئارادایە.

بڕیارە “ئەلبا”  دوای کۆتاییهاتنی خولی نەتەوەکانی ئەوروپا، کە ئەمڕۆ یەکشەممە، ئیسپانیا بەرامبەر کرواتیا یاری کۆتایی دەکات، یانە نوێکەی خۆی رابگەیەنێت.