هەولێر – نۆرس پرێس
لە ئۆگاندا لە ئەنجامی هێرشێکی گروپێکی سەر بە داعش بۆ سەر قوتابخانەیەکی تایبەت لە نزیک سنووری کۆنگۆ 25 خوێندەکار کوژران.
دەسەڵاتدارانی ئۆگاندا رایانگەیاند، چەکدارانی سەر بە داعش هێرشیان کردووەتە سەر قوتابخانەیەک لە رۆژئاوای ئەو وڵاتە و بەهۆیەوە لانیکەم 25 قوتابی کوژراون و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون، هاوکات ژماریەک خوێندکاریش رفێندراون.
ئەو گرووپە چەکدارە کە خۆیان بە “هێزە هاوپەیمانەکانی دیموکراسی” ناودەبەن، لە کاتێکدا دەسەڵاتی خۆجێی بە توندڕەوی دەزانن و پەیوەندییان بە رێکخراوی “داعش”ەوە هەیە.
هێرشەکە لە درەنگانی کاتژمێرەکانی ئێوارەی هەینی ئەنجامدرا، کاتێک گروپە چەکدارەکە، قوتابخانەیەکی ناوەندییان لە شارۆچکەی مبوندوێ کردە ئامانج کە چەند کیلۆمەترێک لە سنووری کۆماری دیموکراتی کۆنگۆوە دوورە.
لە چوارچێوەیەکی پەیوەندیداردا، میسر لە ڕێگەی راگەیەندراوێکی وەزارەتی دەرەوە، هێرشی “تیرۆریستی” لە ئۆگاندا ئیدانە کرد، هاوکات سەرەخۆشی خۆی بۆ “حکومەت و گەل”ی وڵاتەکەی دەربڕی.
پێشبینی دەکرێت ژمارەی قوربانییەکان زیاتر بێت لەوەی کە راگەیەندراوە، چونکە پۆلیس رایگەیاندووە کە “تاوەکو ئێستا 25 تەرم لە قوتابخانەکە دەرهێنراون و گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەی بوێرا”، هەروەها هەشت کەسیان باری تەندروستییان ناجێگیرە گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەکانی وڵاتەکە.