هەولێر – نۆرس پرێس
کیلیان ئێمباپێ، هێرشبەری فەرەنسی، ئەمرۆ پێنجشەممە، 15ی حوزەیرانی 2023، دووپاتیکردەوە کە “مانەوە” لە پاریس سانجێرمان “تاکە بژاردە” بووە، رەتیکردەوە بچێتە وردەکارییەکانی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی لەگەڵ یانەکەدا، دوای ئەوەی رەتیکردەوە گرێبەستەکەی لە دوای ساڵی 2024 درێژبکاتەوە.
سەبارەت بەو پەیامەی کە بۆ بەرپرسانی یانە پاریسییەکان نێردراوە، گوتی، “پێشتر وەڵامم داوەتەوە و گوتم کە ئامانجم بەردەوامبوونە و مانەوەم لە یانەکەدا، ئەوە تاکە بژاردەی منە”.
پێشتر رۆژی چوارشەممە، 14ی حوزەیرانی 2023، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا دووپاتیکردەوە کە هەوڵدەدات فشار بخاتە سەر ئێمباپێ بۆ ئەوەی لە ریزەکانی هەڵبژاردەی پاریسیدا بمێنێتەوە.
گومانەکان لەسەر داهاتووی گۆڵکاری خولی فەرەنسی بۆ پێنجەمین وەرزی لەسەریەک لە پاریس بەردەوامی هەیە، دوای ئەوەی هێرشبەرەکەی یانە فەرەنسییەکە، رۆژی سێشەممە رایگەیاند، کە پرسی درێژکردنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکەی بۆ ساڵی داهاتوو تاوتوێی نەکردووە.
ئەم پەیامەی کیلیان ئێمباپێ لەکاتێکدایە، یاریزانەکە لە هاوینی 2024 گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی پاریس سانجێرمان کۆتاییدێت، زۆرینەی سەرچاوەکان لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا باس لەوەدەکەن کە پاریس سانجێرمان دەیەوێت یاریزانەکە بەرامبەر 150 ملیۆن یۆرۆ بفرۆشێت، نەک وەرزی داهاتوو دوای کۆتاییهاتنی گرێبەستەکەی ببێتە یاریزانێکی ئازاد و بێبەرامبەر بچێتە یانەیەکی دیکە.