ئەمریکا بۆ رێگریکردن لە رووسیا و ئێران فرۆکەی ئێف 22 دەنێرێتە ئاسمانی سوریا
قامیشلۆ – نۆرس پرێس
فەرماندەیەکی باڵای سەربازی ئەمریکا رایگەیاند، ئەمریکا فڕۆکەی جەنگی ئێف-22 دەنێرێتە رۆژهەلاتی ناوەراست بۆ راگرتنی پێشێلکاریەکانی رووسیا و لە ئاسمانی سوریا.
قسەکانی ئەم فەرماندەیە دوای ماوەیەکی کەم لە کەوتنەخوارەوەی هەلیکۆپتەرە ئەمریکییەکە دێت لە رۆژی یەکشەممەی رابردوو لە باکوری سوریا هات کە لە ئەنجامدا 22 سەبازی ئەمریکی برینداربوون و لێکۆڵینەوەکانیش تاوەکو ئێستا بەردەوامن.
ماڵپەڕی “دیفێنس وەن” کە تایبەتمەندە بە بڵاوکردنەوەی پێشهاتە سەربازییەکان و کاروباری بەرگری لە سەرانسەری جیهاندا، بڵاویکردەوە، لەگەڵ بەردەوامبوونەوەی پێشێلکارییەکانی فڕۆکە رووسییەکان لە دژی فرۆکە ئەمریکییەکان لە ئاسمانی سوریا، هێزی ئاسمانی ئەمریکا فڕۆکەی ئێف 22 دەنێرێت بۆ وەڵامدانەوەی ئەو پێشێلکاریانە.
جەنەڕاڵ ئالێکسوس گرینکیۆیتش، فەرماندەی هێزی ئاسمانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە میانی کۆبوونەوەی ساڵانەی لوتکەی بەرگری تەکنیکی رایگەیاند، رووسیا سەرەڕای هەڵوێستی هێوربوونەوەی ئەمریکا، هێشتا رووسیا بەردەوامە لە فشارەکانی سەبارەت بە هەبوونمان لە سوریا.
لە مانگی نیسانی رابردووشدا هەمان ژەنەراڵ رایگەیاندبوو کە فڕۆکە جەنگییەکانی رووسیا هەوڵی هەراسانکردنی فرۆکەکانی ئەمریکا لە ئاسمانی سوریاداوە.
بەگوێرەی گوتەی گرینکیۆیتش، هەفتەی رابردوو رووسیا جارێکی دیکە هەوڵی هەراسانکردنی ئەمریکیەکانی داوە.
فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا ئێوارەی چوارشەممە رایگەیاند کە فڕۆکەی جەنگی ئێف-22 لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست جێگیر کردووە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە هەڵسوکەوتی فرۆکەکانی رووسیا بە “بێزارکەر” وەسفی کردووە.
لە بەیاننامەکەی فەرماندەییەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە فرۆکەکانی ئێف 22 هەماهەنگی تەواویان لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانان کردووە کە لەسەر خاک و ئاسمانی سوریا کاردەکەن.
بەگوێرەی بەیاننامەکە، ئەم جێگیرکردنە خێرایەی فڕۆکەی جەنگی ئێف-22 و بەشداریکردنیان بە ئۆپەراسیۆنەکانی هێزەکانی هاوپەیمانان، “بەڵگەی روونە” بۆ پابەندبوونی ئەمریکا و هاوپەیمانانی بە ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا.
گرینکیۆیتش باسی لە دۆخی ئاسمانی “ناسەقامگیری” سوریا کرد و گوتی، “زۆر بێزارکەرە، بەڵام لە کۆتاییدا گرنگ نییە”، ئەم قسەش وەک ئاماژەیەک بۆ بەهێزی تواناکانی هێزەکانی ئەمریکا بەراورد بە قەبارەی هەراسانکردنەکانی رووسیا لە ئاسمانی سوریادا.
جەنەڕاڵە ئەمریکیەکە دەلێت:”هەبوونی ئێمە لە سوریا پەیوەندی نێوان تاران و مۆسکۆی بەهێزتر کردووە، چونکە هەردووکیان دەیانەوێت ئێمە لە سوریا دەربچن”.
گوتیشی: ئەوان (رووسیا-ئێران) کار لەگەڵ رژێمی سوریا دەکەن و هەوڵدەدەن بە زووترین کات ئێمە لە سوریا دەربکەن.
هێزەکانی ئەمریکا لە ماوەی ساڵانی رابردوودا چەندین جار لەلایەن میلیشیاکانی سەر بە ئێرانەوە هێرشیان کراوەتە سەر.
لە ئەنجامی هێرشی گروپەکانی سەر بە ئێران لە دژی هێزەکانی ئەمریکا لە مانگی ئازاری رابردوودا، 25 سەربازی ئەمریکی بریندار بوون، هاوکات بەڵێندەرێکی ئەمریکیش کوژرا و بەڵێندەرێکی دیکەش بریندار بوو.