عێراق و تورکیا بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان کۆدەبنەوە
هەولێر – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ پێنجشەممە، باسم محەمەد عەبادی بریکاری وەزیری نەوتی عێراق بۆ کاروباری دەرھێنانی نەوت بە رۆژنامەی سەباحی عێراقی راگەیاندووە، لەگەڵ ئەنقەرە رێککەوتوون کە رۆژی 19ی ئەم مانگە لە بەغداد کۆببنەوە بۆ تاوتوێکردنی دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیھانی تورکیاوە، دوای ئەوەی لە 25ی ئازاری رابردوودا بە بڕیاری دادگای ناوبژیوانی پاریس، ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان راگیرا.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەوان چەندینجار پەیامیان بۆ یەکدی ناردووە سەبارەت بە پابەندبوونی ھەردوولا بۆ ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێم بە زووترین کات.
بە گوێرەی رۆژنامەی سەباحی عێراقی، عەبادی رایگەیاندووە، ئەنقەرە پێی راگەیاندوون ھۆکاری دەستپێنەکردنەوەی نەوتی ھەرێم بەھۆی ئەوەیە بۆری گواستنەوەی نەوت کاری چاککردنەوەی تێدادەکرێت و تائێستا تەواونەبووە.
بریکاری وەزیری نەوت ئەوەشی خستووەتەڕوو، عێراق لەئێستادا ئامادەیە لە رێگای بۆری نەوتی ھەرێمی کوردستانەوە رۆژانە 500 ھەزار بەرمیل نەوت ھەناردەی دەرەوە بکات.
لەسەر داوای فەرمی حکومەتی عێراق، تورکیا لە 25ی ئادار بە شێوەیەکی فەرمی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستانی بۆ بەندەری جەیهان ڕاگرت. بە گوێرەی داتاکانی ڕۆیتەرز، لەو کاتەوە تا ئێستا، هەرێمی کوردسان زیاد لە 2 ملیار دۆلار زیانی پێگەیشتووە بەهۆی وەستانی هەناردەکردنی نەوەتەوە.
هەرچەندە حکومەتی عێراق پێشووتر بەشێوەیەکی فەرمی داوای لە ئەنقەرە کردبوو بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت، بەڵام تورکیا بە پاساوی ئەوەی کە لە ڕووی تەکنیکیەوە ئامادەکارییەکان نەکراون بۆ دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی هەناردەکردن.