بەغدا.. نوێژی هەینی بەکۆمەڵی لایەنگرانی سەدر

هەولێر – نۆرس پرێس

بڕیارە ئەمڕۆ لە بەغدا، لایەنگرانی سەدر، نوێژی هەینی بەکۆمەڵ بکەن و بەپێی رێنوماییەکان تەنیا لایەنگرانی سەدر لە پارێزگاکانی نەجەف، کەربەلا، بابل و واست دەتوانن لە نوێژی هەینی ئەمڕۆی بەغدا بەشداربن.

چاوەڕێدەکرێت لە گوتاری نوێژی هەینی رێنومایی نوێ لەبارەی خۆپێشاندان بڵاوبکرێتەوە، ئەمەش دەبێتە دووەم نوێژی بەکۆمەڵی لایەنگرانی سەدر لە سێ هەفتەی رابردووەوە.

وا بڕیارە لە دوای نوێژ هادی عامری و موقتەدا سەدر بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە کۆببنەوە، بەڵام شارەزایانی نزیک لە سەدر پێیانوایە خۆپێشاندانی سەدرییەکان فراوانتر دەبێت.

لایەنگرانی سەدر رژدن لەسەر جێبەجێکردنی داواکارییەکان بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە. بەڵام بە گوێرەی دەستوور دوو رێگە هەن بۆ ئەو بابەتە یان دەبێت یەک لەسەر سێی پەرلەمانتاران داوای هەڵوەشانەوەی پەرلەمان بکەن یان لەسەر داوای سەرۆکوەزیران و سەرۆککۆمار هەڵبوەشێتەوە کە رێگەی دووەم بەهۆی ئەوەی سەرۆکوەزیران و سەرۆککۆماری ئێستا لەلایەن پەرلەمانتارانی خولی پێشوو دەنگیان پێدراوە ئەو مافەیان نییە.

سەدرییەکان ئامادەکاری بۆ بەڕێوەچوونی گەورەترین نوێژی هەینی لە گۆڕەپانی ئاهەنگەکانی ناوچەی سەوزی بەغدا دەکەن.

رۆژی چوارشەممەی رابوردوو، موقتەدا سەدر هەموو گفتوگۆیەکی لەگەڵ چوارچێوەی هاوئاهەنگی رەتکردەوە و داوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و هەڵبژاردنی نوێی کرد.