وەزیرى خوێندنى باڵا: داوا لە زانکۆکانی روسیا دەکەین هاوکارى زانکۆکانی کوردستان بکەن بۆ ئەوەى بتوانین سود لە ئەزمون و توناکانیان وەربگرین

هەولێر-نۆرس پرێس

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەرێمى کوردستان لە کۆبونەوەى لەگەڵ سەرۆکى زانکۆى باکورى قەوقازى روسیا، جەختى لەپەرەپێدانى هەماهەنگى زانستى و ئەکادیمى لەنێوان زانکۆکانى کوردستان و وڵاتى روسیای کردەوە، بەتایبەت بۆ پەرەپێدانى بوارى تەکنیکى و پیشەیی و دەشڵێت، مەبەستمانە ئاستى پەیوەندییەکانمان لەگەڵ زانکۆکانى روسیا فراوانتر بکەین.

ئەمڕۆ چوارشەمە ئارام محەمەد، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى پێشوازی کرد له‌ دیمیتری بێسپالۆڤ، سەرۆکى زانکۆى باکورى قەوقاز و یاریده‌ده‌ری سه‌رۆکی زانکۆ بۆ په‌یوه‌ندییه‌کانی ده‌ره‌وه‌و ماکسیم ڕوبین کۆنسوڵی گشتی ڕوسیا لە هه‌رێمی کوردستان و رایگەیاند، پەیوەندى زانستى و ئەکادیمیەکانى هەرێمى کوردستان و زانکۆکانى وڵاتى روسیا دەگەڕێتەوە بۆ پێدانى سکۆلەرشیپى ساڵانە بە خوێندکارانى هەرێمى کوردستان و ئاڵوگۆڕى مامۆستایان و قوتابیان لە نێوان هەردولا.

ئاماژەی بەوەشکرد، بۆ داهاتوو مەبەستمانە ئاستى پەیوەندییەکانمان لەگەڵ زانکۆکانى روسیا فراوانتر بکەین، بۆ ئەمەش ئامادەیى هەمو هاوکارییەکی لەگەڵ ئەو وڵاتە نیشاندا.

وەزیرى خوێندنى باڵا داواى لە شاندی زانکۆى باکورى قەوقاز کرد کە هاوکارى دامەزراوە زانستى و ئەکادیمییەکانی هەرێمی کوردستان بکەن بۆ ئەوەى بتوانن سود لە ئەزمون و توناى وڵاتى روسیا وەربگرن.

لەبەرامبەردا شاندی زانکۆى باکورى قەوقاز و کونسوڵى روسیا ڕایانگەیاند، لەمیانەی سەردانەکەیان بۆ هەرێمى کوردستان سەردانى بەشیک لە زانکۆکانى کوردستانیان کردوەو لەنزیکەوە ئاگادارى پرۆژە زانستییەکانى هەرێمى کوردستان بونە و لەگەڵ چەند زانکۆییەک بەرنامەى ئەنجامدانى کۆنفرانسى زانستى هاوبەش داڕێژراوە.