عوسمان بایدەمیر: چیتر ناتوانرێت کەس لەسەر بەکارهێنانی ناوی کوردستان سزا بدرێت

هەولێر -نۆرس پرێس

عوسمان بایدەمیر، سیاسەتمەداری باکوری کوردستان و ئەندامی پێشوی پەرلەمانی تورکیا رایگەیاند، لە تورکیا و کوردستان خەڵکێکی زۆر لە لایەن دادگاکانەوە دادگایی کراون و سزا دراون و ئەشکەنجە دراون یان لە کارەکانیان دورخراونەتەوە، بەڵام بەهۆی بڕیارەکەی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپاوە چیتر ناتوانرێت کەس لەسەر بەکارهێنانی ناوی کوردستان سزا بدرێت.

لە ساڵی 2017دا بایدەمیر بەهۆی بەکارهێنانی وشەی کوردستان لە پەرلەمان سزا درا و دوێنێ سێشەممەش دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە مافی ئازادی ڕادەربڕینی بایدەمیر پێشێل کراوە و تورکیای بە بڕی 16 هەزار یۆرۆ سزادا.

عوسمان بایدەمیر هەڵوێستی خۆی بەرامبەر بە بڕیارەکەی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا سەبارەت بە دۆسیەکەی دەربڕی و بە دەنگی ئەمریکای راگەیاندوە، لە تورکیا و کوردستان خەڵکێکی زۆر لە لایەن دادگاکانەوە دادگایی کراون و سزا دراون و ئەشکەنجە دراون و لە کارەکانیشیان دورخراونەتەوە و سزای قورسی دارایی دراون لەسەر بەکارهێنانی وشەی کوردستان.

ئاماژەی بەوەشکرد، دانپێدانەنان بە کوردستان لە پەرلەمانی تورکیا تەنیا پێشێلکردنی مافی قسەکردن نەبوو، بەڵکو نکوڵیکرن بوو لە 40 ملیۆن کورد.

دەشڵێت، بە بۆچونی من چیتر ناتوانرێت بەهۆی ئەم بڕیارەوە لە هەموو باکوری کوردستان، لە تورکیا کەسێک بەهۆی ناوی کوردستان دادگایی بکرێت و سزا بدرێت، چونکە بڕیاری ئەوروپا وەک بڕیاری باڵای تورکیا وایە و دەبێت هەموو دادگا و خەڵک ڕێز لەم بڕیارە بگرن.

پێشتر دادگای مافی مرۆڤ بڕیاری بۆ ئازادکردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشوی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) و عوسمان کاڤالا چالاکوانی تورکیا دابوو، بەڵام تورکیا گوێی بەو بڕیارانە نەدا و ئازادیانی نەکرد.