ئیسرائیل ئامادەكاری بۆ شەڕێكی فرە بەرەیی دەكات لە سنورەکانی لوبنان و سووریا

هەولێر- نۆرس پرێس

بەڕپرسانی سەربازی ئیسرائیل پێیان وایە هەر جەنگێكی داهاتوو فرەبەرەیی دەبێت، لەكاتی هەڵگیرسانیشیدا بەزۆری تیشك دەخرێتە سەر ئاراستەی سنوورەكانی باكوور كە لوبنان و سووریا لەخۆدەگرێت.

لەم دواییانەدا بەرپرسانی باڵای ئیسرائیل لێدوانی زۆریان سەبارەت بە ئامادەكارییەكانی سوپا بۆ ئەم سیناریۆیە داوە، هەروەها هەڕەشەی دەستپێكردنی هێرشی بەهێزیان لە دژی حزبوڵڵای لوبنان كردووە.

عەقید نەمرود تسیبولسكی، فەرماندەی لیوای 282 تۆپخانەكانی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، لە دوو هەفتەی ڕابردوودا مانۆڕێكمان ئەنجامداوە كە هاوشێوەی شەڕێكە لەسەر سنووری باکوور.

ھەروەھا گوتی، لە چوارچێوەی ئەمەشدا ئێمە هەموو جۆرە هەڕەشەیەك ھاوشێوە دەكەین كە لە ئەگەری شەڕێكی ڕاستەقینەدا ڕووبەڕوومان دەبێتەوە.