خوێندنى باڵای هەرێمی کوردستان کۆدی دامەزراندنی بڕوانامە باڵاکان و سێ یەکەمەکان ئاڕاستەى زانکۆکان دەکات
هەولێر-نۆرس پرێس
وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستی هەرێمى کوردستان خاوەن بڕوانامە باڵاکان و سێ یەکەمەکانى زانکۆکانى هەرێمى کوردستان کە دانیشتوى ناوچەکانى دەرەوەى هەرێمى کوردستانن ئاگاداردەکاتەوە، لە ئێستادا دەتوانن کۆدەکانیان لە زانکۆکانی خۆیان وەربگرنەوە کە ژمارەیان 2075 کەسە.
توانا نەجەف، بەڕێوەبەرى گشتى کارگێڕى و دارایى لە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە لێدوانێکدا رایگەیاند، دواى ئەوەى لەماوەى ڕابردوو لەسەر داواى حکومەتى عێراقى، وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى حکومەتى هەرێمى کوردستان لیستى ناوى سێ یەکەمەکانى زانکۆکانى هەرێمى کوردستان و هەڵگرانی بروانامەی باڵا، دەرچوانى بەشە پزیشکى و تەندروستییەکان کە تاکو ئێستا دانەمەزراون و دانیشتوى پارێزگاکانى دەرەوەی هەرێمى کوردستانن، لە ڕێگەى نوێنەرایەتى حکومەتى هەرێم لە بەغدا بۆ وەزارەتى خوێندنى باڵاى عێراق نێردرا، دواتریش ئاڕاستەى ئەنجومەنى ڕاژەى حکومەتى عێراقى کرا بۆ ئەوەى QR کۆدیان بۆ دروست بکرێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئێستادا کۆدى دامەزراندنی خاوەن بڕوانامە باڵاکان کە ژمارەیان 222 دەرچوە و سێ یەکەمەکان کە ژمارەیان 1853 سێ یەکەمەو دەرچوی زانکۆکانی هەرێمی کوردستانن و دانیشتوی ناوچەکانى دەرەوەی هەرێمی کوردستانن، لە وەزارەتەوە نێردراوە بۆ هەریەک لە زانکۆکانیان، بۆ ئەمەش دەرچوان دەتوانن لە زانکۆکانیان کۆدەکانیان وەربگرنەوە.
بەڕێوەبەرى گشتى کارگێڕى و دارایى دەڵێت، پێوست ناکات هیچ یەکێک لە خاوەن بڕوانامە باڵاکان و سێ یەکەمەکان بۆ ئەم بابەتە سەردانی وەزارەت بکەن، چونکە کۆدەکانیان لە وەزارەتەوە بۆ زانکۆکانى هەرێمى کوردستان نێردراوەو دەرچوان دەتوانن لە زانکۆکانیان کۆدەکانیان وەربگرنەوە.