دەستپێکردنی کارەکانی کۆنفرانسی حەوتەمی برۆکسل دەربارەی “پشتیوانیکردنی ئایندەی سوریا”
دیمەشق – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ چوارشەممە، کارەکانی حەوتەمین کۆنفرانسی برۆکسل لە بارەی “پشتیوانیکردن لە ئایندەی سوریا و ناوچەکە” دەستیپێکرد، کە لە رۆژانی 14 و 15ی حوزەیران لە برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا بەردەوام دەبێت، بۆ ئەوەی چەندین دانیشتن لەخۆبگرێت، لەنێویاندا رۆژێک تەرخانکراوە بۆ کۆبوونەوەیەک لە ئاستی وەزاری.
یەکەم رۆژی کۆنفرانسەکە کە کاتژمێر نۆ بە کاتی گرینیچ دەستیپێکرد، گفتوگۆی کۆمەڵگەی مەدەنی لە سوریا و دەرەوەی وڵات و بڕیاردەرەکان و هاوبەشە جێبەجێکارەکان لەخۆدەگرێت، هەروەها مامەڵەکردن لەگەڵ سوریا و ناوچەکە، ئاڵنگارییەکانی مرۆیی و خۆڕاگری لەوەی کە رووبەڕووی سوریا و ناوچەکە دەبێتەوە.
لەکاتێکدا رۆژی دووهەم تەرخانکراوە بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەی وەزاری لەسەر ئاستێکی فراوان، لەوانە وەزیرەکانی وڵاتانی عەرەبی و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەسەر ئاستی کاروباری دەرەوە.
ئامانجی سەرەکی کۆنفرانسی برۆکسل، وەک چۆن لە کۆنفرانسەکانی پێشوودا هەبوو، دەستەبەرکردنی پشتیوانی بەردەوامە بۆ گەلانی سوریا، چ لە ناوخۆی وڵات و چ لە وڵاتانی پەنابەرییاندا.
هەروەها لە کۆنفرانسەکەدا باس لە کۆکردنەوەی کۆمەکەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکرێت بۆ پشتیوانیکردن لە چارەسەرێکی سیاسی هەمەلایەنە و باوەڕپێکراو بۆ ململانێی سوریا، هاوتەریب لەگەڵ بڕیارنامەی 2254ی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی.
هەروەها لە حەوتەمین کۆنفرانسی برۆکسل باس لە پرسە گرنگەکانی مرۆیی و مەسەلە سەرەکییەکانی پەیوەست بە خۆڕاگرییەوە دەکرێت کە کاریگەرییان لەسەر سوریاییەکان لە سوریا و وڵاتانی دراوسێدا هەیە.
لە کۆنفرانسەکەدا پاڵپشتی سیاسی و دارایی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ وڵاتانی دراوسێی سوریا بەتایبەت ئوردن و لوبنان و تورکیا جگە لە میسر و عێراق نوێ دەکرێتەوە.
لە سەرەتای ئەمساڵدا کۆنفرانسێکی تایبەتی وڵاتانی هاوکاریدەر بەڕێوەچوو بۆ پشتگیریکردنی ئەو کەسانەی کە بەهۆی بوومەلەرزە وێرانکەرەکەی مانگی شوباتی رابردووەوە زیانیان بەرکەوتووە.
کۆنفرانسەکە لە رێگەی رۆژانی گفتوگۆیەوە، سەکۆیەکی کارلێککارانە بۆ پەیوەندیکردن لەگەڵ کۆمەڵگەی مەدەنی و رێکخراوە ناحکومییەکانی چالاک لە سوریا و ناوچەکە دابین دەکات.
دانیشتنی کردنەوەی کۆبوونەوەکە بە دیدگاکانی ناوچەکە سەبارەت بە راوێژکارییەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی دەستیپێکرد، دواتر گفتوگۆی یەکەم پانێڵ کە تەرخانکرابوو بۆ چارەسەرکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکان، دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان و باشکردنی پێشوەختی دۆخەکە لە چوارچێوەی سوریادا، هەروەها گفتوگۆی دووەمی پانێڵ کە تایبەت بوو بە “پەرەپێدانی دەرفەتەکان لە ئاستی ناوخۆیی و بەهێزکردن و پاراستنی سەرکردایەتی ناوخۆیی”.
لە کاتژمێرەکانی دوای نیوەڕۆدا، لە دانیشتنی سێیەمدا باس لە بەرەوپێشبردنی دادپەروەری و یەکسانی دەکرێت، هەروەها باس لە هەوڵە بەردەوامەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و پسپۆڕانی بواری دادوەری دەکرێت.
پێشبینی دەکرێت لە کۆتایی دانیشتنەکاندا بڕی ئەو هاوکارییە داراییە بە ژمارە رابگەیەنرێت.