ژمارەی ئاوارە و پەنابەران لە جیهاندا بەرزبووەتەوە بۆ نزیکەی 110 ملیۆن کەس
دیمەشق – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ چوارشەممە، نەتەوەیەکگرتووەکان رایگانەیاند، 110 ملیۆن کەس لە سەرانسەری جیهاندا بە زۆر ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێهێشتووە، لە کاتێکدا جەنگی رووسیا لە ئۆکرانیا و پەنابەرانی هەڵاتوو لە ئەفغانستان و جەنگەکانی سودان، کۆی ژمارەی پەنابەران و ئاوارەکانیان گەیاندووەتە ئاستێکی بێ وێنە.
کۆمیساریای باڵای پەنابەرانی نەتەوەیەکگرتووەکان لە راپۆرتی ساڵانەی خۆیدا رایگەیاندووە، لە کۆتایی ساڵی رابردوودا ژمارەی ئاوارەکان گەیشتووەتە 108 ملیۆن و 400 هەزار کەس، بە بەراورد بە کۆتایی ساڵی 2021 ژمارەی ئاوارەکان بە 19.1 ملیۆن زیادیکردووە، کە گەورەترین زیادبوونە لە دەستپێکردنی تۆمارەکەرنەکانەوە لە ساڵی 1975 ەوە تۆمار کرابێت.
ململانێی نێوان ئۆکرانیا و رووسیا لە لایەک و هەروەها شەڕی ناوخۆی سودان بوونەتە هۆی ئاوارەبوونی ژمارەیەکی زیاتر، بەمەش کۆی گشتیی ئاوارەبوون لە جیهاندا بە 110 ملیۆن کەس تا مانگی ئایاری رابردوو مەزەندە دەکرێت.
فیلیپۆ گراندی، سەرۆکی کۆمیسار UNHCR لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە ژنێڤ گوتی:” 110 ملیۆن کەس لە جیهاندا لە ململانێ، چەوساندنەوە، جیاکاری و توندوتیژی هەڵاتوون، زۆرجار ئەمە تێکەڵ بە هۆکاری دیکەش بوون، بەتایبەتی کاریگەرییەکانی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا”.
سەرۆکی کۆمیسارەکە قەیرانی ئاوارەبوون و پەنابەریی بە “تۆمەتبارکردنێکە دژ بە دۆخی جیهانەکەمان” وەسفکرد.
لەگەڵ بەردەوامبوونی ململانێ نێودەوڵەتییەکان و قەیرانەکانی کەشوهەوا و خۆراک، پێدەچێت ژمارەکان زیاتر ببن.
لە راگەێنراوی جیهانی کۆی گشتیی پەنابەران بۆ ساڵی 2022 ، نزیکەی 35.3 ملیۆن پەنابەر هەن، لەو ژمارەیەش 62.5 ملیۆنیان ئاوارەی ناوخۆن، هاوکات 5.4 ملیۆن داواکاری مافی پەنابەریی هەبوون، کە 5.2 ملیۆنیان پێویستیان بە پاراستنی نێودەوڵەتی هەیە.
گراندی گوتی ئاوارەبوون لەمساڵدا هاوتایە لەگەڵ “ژینگەیەکی دوژمنکارانەتر، بەتایبەتی کاتێک باس لە پەنابەران دەکرێت، بەنزیکەیی لە هەموو شوێنێک”.
کۆمیساریای باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوە کردووە کە نزیکەی 76%ی پەنابەران بەرەو وڵاتانی کەم داهات و داهات مامناوەندەکان هەڵهاتوون، لەکاتێکدا لەسەدا 70%ی پەنابەران لە وڵاتانی دراوسێدا ماونەتەوە.
لە کاتێکدا گراندی رەخنەی لە پلانەکانی بەریتانیا گرت بۆ ناردنی پەناخوازان بۆ رواندا، هەروەها رێوشوێنە توندەکانی ئەمریکا سەبارەت بە پەنابەران، پێشوازی لە هەنگاوەکانی یەکێتی ئەوروپا کرد بۆ گەشتن بە رێککەوتنێک دەربارەی پەنابەری و کۆچ و بە هەوڵێکی باش وەسفی کرد بۆ هاوسەنگکردنی گرژییەکان پەیوەست بە پرسەکە، و “تاڕادەیەک دادپەروەرانە” بۆ پەنابەران.
حکومەتەکانی یەکێتی ئەوروپا، هەفتەی رابردوو، لەژێر فشاردا بۆ سنووردارکردنی هاتنی کۆچبەران رێککەوتن لەسەر هەنگاوەکانی خێراکردنی گەڕانەوەی کۆچبەران بۆ وڵاتانی رەسەن یان وڵاتانی “تێپەڕ” کە بە “سەلامەت” دادەنرێن.
گراندی گوتی دەبێت دەرگای پەنابەریی لە یەکێتی ئەوروپا و ئەمریکا و بەریتانیا ” بە کراوەیی بمێنێتەوە (…) و دەبێت خەڵک بتوانن لەو شوێنانەی کە هەست بە سەلامەتی دەکەن بتوانن داوای مافی پەنابەری بکەن”.