نەتەوەیەکگرتووەکان هاوکارییە خۆراکییەکانی بۆ سوریا بۆ ئاستی نیوە کەمدەکاتەوە

دیمەشق – نۆرس پرێس

قەیرانی بێ وێنەی دارایی لە سوریا، بەرنامەی خۆراکی جیهانی نەتەوەیەکگرتووەکانی ناچار کردووە لە کۆی5.5  ملیۆن کەسەوە کە پشت بەو دەزگایە دەبەستن بۆ دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی خۆراکیان، کەمبکاتەوە بۆ 2.5 ملیۆن کەس.

ئەم راگەیاندنە لە کاتێکدایە کە یەکێتی ئەوروپا سەرقاڵی میوانداریکردنی حەوتەمین کۆنفرانسی پشتیوانییە لە داهاتووی سوریا و ناوچەکە کە ئەمڕۆ چوارشەممە لە برۆکسل دەست پێدەکات.

بەرنامەی خۆراکی جیهانی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، تا ئەو جێگایەی کە دەکرێت ئەو سەرچاوە زۆر سنووردارانە بەکاردەهێنن بۆ پێشکەشکردنی هاوکاری بۆ سێ ملیۆن هاوڵاتی سوریا، کە ناتوانن پێداویستیەکانیان دابین بکەن  بۆ مانەوەیان لە ژیان، ئەوەش لەبری دابینکردنی هاوکاری بۆ 5.5 ملیۆن کەس دێت، کە پێشتر پێشکەشیان دەکرد بۆ رووبەڕووبوونەوەی قەیرانی کەمبوونەوەی هاوکارییە خۆراکییەکان.

کین کروۆسلی، نوێنەری بەرنامەی خۆراکی جیهانی لە سوریا گوتی: “لەبری ئەوەی هاوکارییەکان زیاد بکەین یان تەنانەت هاوسەنگ بکەین لەگەڵ پەرەسەندنی پێداویستییەکان، رووبەڕووی واقیعێکی تاریک دەبینەوە کە وەرگرتنەوەی یارمەتییەکانە لە خەڵک، لە کاتێکدا کە زۆرترین پێویستیان پێیەتی.”

بەرنامە جیهانییەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، “سوریاکان دوای 12 ساڵ لە ململانێکان، رووبەڕووی شەپۆلی گەورەی ئاوارەبوون، پەتای جیهانی بوونەتەوە، کاریگەرییەکانی لەسەر قەیرانی ئابووری کە نرخی خۆراکی پاڵناوە بۆ ئاستێکی پێوانەیی و لەم دواییانەشدا بوومەلەرزە وێرانکەرەکان، لە حاڵەتێکی نائاسایی هەمیشەییدا دەژین”.

بەپێی بەیاننامەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە ئێستادا تێکڕای داهات تەنها نزیکەی چارەکێک لە پێداویستییەکانی خێزانێک پڕدەکاتەوەە.

بەرنامەی خۆراکی جیهانی پێویستی بەپەلەی بەلایەنی کەمەوە بە 180 ملیۆن دۆلارە بۆ ئەوەی لەم کەمکردنەوەی هاوکاریانە دوور بکەوێتەوە و تا کۆتایی ئەمساڵ بەردەوام بێت لە دابینکردنی بەو بڕەی ئێستای.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: هۆزان زوبەیر