قامشلۆ – نۆرس پرێس
ئێوارەی دوێنێ سێشەممە، چالاکییەکانی هەشتەمین فێستیڤاڵی کورتەچیرۆکی کوردی دەستیپێکرد، کە لەلایەن یەکێتی نووسەرانی کورد لە “باخچەی خوێندنەوە” لە شاری قامشلۆی رۆژئاوای کوردستان بەڕێوەدەچێت.
ئەمساڵ 21 چیرۆکنووسی ژن و پیاو بەشداری ڤیستیڤاڵەکە دەکەن، کە بە نۆرە چیرۆکەکانیان بە درێژایی رۆژانی فێستیڤاڵەکە دەخوێننەوە و ڤیستیڤاڵەکە تا رۆژی شەممەی داهاتوو بەردەوام دەبێت.
فێستیڤاڵەکە بە ئاهەنگێکی کورت دەستی پێکرد کە سنووردار بوو بە چەند دێڕێکی بەخێرهێنانی نووسەران و ئامادەبووان، هەروەها پێشکەشکردنی گۆرانییەکی دەسپێک، دوای ئەوە چیرۆکنووس “عومران یوسف” دەستی کرد بە خوێندنەوەی چیرۆکەکەی بە ناوی “نەخۆشیی”.
چیرۆکنووس “ناز عەلی” بەدوای ئەودا چیرۆکەکەی بە ناوی “دوا پەڕەکان” خوێندەوە، دواتر چیرۆکنووس “محەمەد بافی محەمەد” چیرۆکی “دواین باڵندەی کۆچەری”ی خوێندەوە، بەم شێوەیە کۆتایی بە چالاکییەکانی یەکەم رۆژی فێستیڤاڵەکە هێنرا.